بابا تاهیری هه‌مه‌دانی

بابا تاهیری عوریانی هه‌مه‌دانی، ناوی تاهیره. بابایان پێ ووتووه، چونكه یه‌كێ بووه له فریشته و پیاوچاكانی دانیشتووانی مافی یارسان

vip_kurd16

بابا تاهیری عوریانی هه‌مه‌دانی، ناوی تاهیره. بابایان پێ ووتووه، چونكه یه‌كێ بووه له فریشته و پیاوچاكانی دانیشتووانی مافی یارسان. به‌كارهێنانی وشه‌ی “بابا” له‌پێش ناو بۆ ڕێبه‌رانی ئایینی یارسان و ڕێگایی ده‌روێشیزمی ئیسلامی له‌كورده‌واری دا هاوشانی وشه‌ی “پیر” به‌كارده‌هێنرێ.

هه‌روه‌ها “عوریان”یان پێ وتووه، یا خۆی ئه‌م ناوه‌ی بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه، واته “ڕووت، ڕووته‌ڵه”، چونكه باوه‌ڕی به‌فه‌لسه‌فه‌ی سۆفیزم بووه، وه‌كو تیۆرییێكی و له‌شێوه‌ی ده‌روێشیزم ده‌ری بڕێوه وه‌كو پراكتیك. ئینجا “هه‌مه‌دانی”یان پێ وتووه، چونكه له‌هه‌مه‌دان ژیاوه و هه‌ر له‌وێش كۆچی دوایی كردووه و نێژراوه. له شیعردا ناوی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی “تاهیر”ه، كه وه‌ك نازناو به‌كاریهێناوه.

كۆنترین سه‌رچاوه‌یێك هه‌واڵی ژیانی بابا تاهیری تێدا نووسرابێ په‌رتووكه‌كه‌ی ڕاوه‌ندییه. له‌و په‌رتووكه‌دا باس له‌دیده‌نی نێوان سوڵتان توغرول به‌گی سه‌لجووقی و بابا تاهیر ده‌كا، لێره‌دا دانه‌ر ده‌یه‌وێ ئه‌وه ده‌رببڕێ، كه پله‌ و جێگه‌ی ده‌روێش و سۆفییان له‌و ده‌وره‌دا باڵا بووه، ڕووداوی دیده‌نییكه‌ به‌م جۆره ده‌گێڕ‌ێته‌وه: “بیستم له‌و كاته‌ی كه سوڵتان توغرول به‌گ هاته شاری هه‌مه‌دان، ڕۆڵه‌كانی سۆفیان سێ پیر بوون، بابا تاهیر و بابا جه‌عفه‌ر و شێخ حه‌مشا. له‌لای شا‌خێك، كه ناوی خدر بوو، له ده‌روازه‌ی هه‌مه‌دان وه‌ستابوون. كه سوڵتان چاوی پێیان كه‌وت، پیاوه‌كانی خۆی ڕاگرت و خۆشی له‌ئه‌سپ هاته خوواره‌وه و له‌گه‌ڵ‌ شالیاری ئه‌بوونه‌سری كه‌نده‌ری به‌ره‌و ڕوویان هات و ویستی ده‌ستیان ماچ بكا.

بابا تاهیر له‌و كاته‌دا له‌باری ڕاکێشاندا بوو و ڕووی كرده سوڵتان و پێی وت: “ئه‌ی تورك ده‌ته‌وێ‌ چی له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی خودا بكه‌ی؟” وتی: ئه‌وه‌ی فره‌مان ده‌كه‌ی ئه‌وه ده‌كه‌م.” بابا تاهیر پێی وت:‌‌ “ئه‌وه بكه كه خواد ده‌یه‌وێ، خودا ده‌ڵێت: (ان الله یامر بالعدل و الاحسان).” سوڵتان ده‌ستی كرد به‌گریان و وتی: “وا ده‌كه‌م.” بابا تاهیر ده‌ستی گرت و پێی وت: “ئه‌م دیارییه له‌من وه‌رده‌گری؟” سوڵتان وتی: “به‌ڵێ.” ئیتر بابا تاهیر گه‌رووی مه‌سینه شكاوه‌كه‌ی له ئه‌موستی ده‌رهێنا، ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌یێكی زۆر بۆ ده‌سنوێژ به‌كاریهێنابوو، وه له ئه‌موستی سوڵتانی كرد و پێی وت: “من هه‌موو سامانی سه‌ر ز‌ه‌ویم خستۆته ناو ده‌ستت، له‌وكاته‌ی كه ئه‌م ئه‌موستیله‌یه له‌ئه‌موستت ده‌كه‌م، دادپه‌روه‌ربه.” سوڵتان دیاریی بابا تاهیر پاراست و بۆ هه‌‌ر شه‌ڕێك بچووایه له‌ده‌ستی ده‌كرد.

له‌ڕاستییدا به‌ته‌واوی ساڵی له‌دایكبوونی بابا تاهیر ئاشکرانییه. له‌سه‌رچاوه‌یێكدا ئه‌وه هاتووه، كه “بابا تاهیر كوڕی فه‌ریدوونه، له‌ساڵی 1019 زایینی له‌ژیانابووه، له به‌ڵگه‌یێكی ڕاستگۆ بیستراوه، كه هه‌ر له‌و ساڵه‌شدا كۆچی دووایی كردووه.

هه‌ندێ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن، كه له 937 – 1019دا ژیاوه، هه‌ندێكی تر ده‌ڵێن له 999 – 1058دا ژیاوه، به‌شێكیش به‌هاوچه‌رخی ئیبنی سینا 1063 زایینی داده‌نێن، هی واش هه‌یه به‌هاوچه‌رخی خواجه نه‌سیره‌دینی تووسی 1273 زایینی داده‌نێن.

ناسنامه نووسه‌كان سه‌رده‌می جیاواز بۆ ژیانی بابا تاهیر دیاری ده‌كه‌ن، ئه‌وانه‌ی كه به‌هاوچه‌ری عه‌ینو لقوزاتی هه‌مه‌دانی 1130 زایینی مردووه داده‌نێن، دیاره له‌ڕاستی دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه، خۆ ئه‌وه‌ی به‌هاوچه‌رخی خواجه‌ نه‌سیره‌دینی تووسیشی داده‌نێ، دیاره زیاتره له‌ڕاستی دوور كه‌وتۆته‌وه.

ڕه‌زا قولی خانی هیدایه‌ت ده‌ڵێ: “تاهیری عوریانی هه‌مه‌دانی عوریانی هه‌مه‌دانی ناوی پیرۆزی بابا تاهیره، له زانا و دانا سه‌رده‌می خۆی بووه، خاوه‌نی شكۆداری و جێگای بڵند بووه، هه‌ندێ به‌هاوچه‌رخی سوڵتانه‌كانی سه‌لجووقی داده‌نێن، ئه‌مه‌ ڕاست نییه، بابا تاهیر له‌ شێخه كۆنه‌كانه، هاوچه‌رخی دێله‌مییه‌كان بووه، له‌ساڵی 410 پێش كۆچی پێش عونسووری و فیرده‌وسی و هاوچه‌رخه‌كانی ئه‌وان كۆچی دووی كردووه.”

هه‌ر له‌بابه‌ت دیاریكردنی سه‌رده‌می له‌دایكبوونی بابا تاهیره‌وه، میرزا مه‌هدی خانی كه‌وكه‌ب په‌نا ده‌باته به‌ریه‌كێ له‌دوو كۆپله‌كانی بابا تاهیر كه ده‌ڵێ:

مو ئان به‌حروم كه ده‌ر زه‌رف ئامه‌ده‌ستوم
مو ئان نوقته كه ده‌ر ‌حه‌رف ئامه‌ده‌ستـــوم
به‌ هه‌ر ئه‌لفی ئه‌لف قه‌ددی به‌ریو ئایــــــو
ئه‌لف قه‌دووم كه ده‌ر ئه‌لف ئامه‌ده‌ستــــوم

ئه‌م دوو كۆپله به‌لێكدانه‌وه‌ی ئه‌بجه‌د ساغ ده‌كاته‌وه و ڕسته‌ی (الف قد الف = ا. ل. ق. د. ا. ل. ف.) ده‌كاته 326پێش كۆچی به‌ساڵی له‌دایكبوونی بابا تاهیری داده‌نێ.

بێجگه له‌م لێكدانه‌وه‌ی ئه‌بجه‌دی، ئه‌م دوو كۆپله‌یه‌ نهێنی و گشتێكی زۆری تێدایه و ئه‌ستووریی فه‌لسه‌فه‌ی بابا تاهیر ده‌خاته ڕوو له‌باره‌ی یه‌كێتیی بوونه‌وه، بۆ لێكدانه‌وه‌ی ئه‌م دوو كۆپله‌یه‌یش شاعیر ده‌ڵێ: “من ئه‌و زه‌ریایه‌م، كه له‌قاپێكی بچووكدا خۆم ده‌نوێنم، واته من له‌هه‌موو “بوون” پێكهاتووم، به‌ڵام له‌چوارچێوه‌ی كه‌سێك دیاركه‌وتووم، وه‌كو چۆن قاپێك ئاو یا دڵۆپه ئاوێك نموونه‌ی زه‌ریایێكه.

واتای ئه‌وه‌ش ئه‌وه‌یه: (من خاڵێكم له‌پیتێكه‌وه هاتوو. پیت به‌رامبه‌ر زه‌ریا و خاڵیش به‌رامبه‌ر به‌قاپه‌كه‌یه. هه‌روه‌ها مه‌به‌‌ستی له‌پیت واتای “بسم الله الر‌حمن الر‌حیم”ه، به‌م جۆره ئه‌گه‌ر خاڵێك بێ له “بسم الله” ده‌بێته به‌شێك له‌خودا.

له‌هه‌ر ئه‌لفێك په‌یكه‌ر و قه‌د و قامه‌تی وه‌ك ئه‌لف په‌یدا ده‌بێ. مه‌به‌ست له‌ئه‌لفی یه‌كه‌م پیتی (ا) یه‌كه‌ نیشانه‌ی (1) تاكه یه‌كێكه واته خودا، ئه‌لفی دووه‌م قه‌د و قامه‌ت و بوونی خۆیه‌تی، كه ئه‌ویش له‌وێنه‌ی (1) دایه، له‌م ڕسته‌یه‌دا شاعیر ده‌یه‌وێ بڵێ خۆی به‌شێكه له‌خودا.

قه‌د و قامه‌تم كه وه‌كو ئه‌لف (ا) وایه، له ئه‌لف (خودا) وه‌ هاتووم.

هه‌رچۆنێك بێ به‌پێی سه‌رچاوه‌ باوه‌ڕ پێكراوه‌كان بابا تاهیر له‌ماوه‌ی نێوان نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی ده‌یه‌م و نیوه‌ی یه‌كه‌می سه‌ده‌ی یازده‌می مه‌سیحی ژیاوه، له‌دایكبوون و كۆچی دووایی به‌ساڵانی 937 – 1010 زایینی دیاریكراوه