ئۆراڵتوو (خالیدی): كوردستان و كورد لە مێژوودا
لهساڵی (1250 پ.ز) بهدواوه لهڕۆژههڵاتی ئهنادۆل پهیدا بوون. ئاشوورییهكان لهههرێمی رۆژئاوای گۆمی (ورمێ)و دهوروپشتی گۆمی “وان”نیان وتووه.
(ئۆرارتوییەكان) كۆمەڵێكى ترى دانيشتووانى كۆنى كوردستان بوون و لە بەشێكى ئەو خاكەدا نیشتەجێ بوون. ڕیشەی نەژاد و مێژووی نیشتەجێبوونیان لە كوردستان ڕوون نییە، بەڵام گومان لەوەدا نییە، بە یەكێك لە دانیشتووانى كۆنى كوردستان ئەژمار كراون و نیشتەجێی باكووری كوردستان بوون. كێشەی گەورەش لەبەردەم ئەم كۆمەڵە و سەرجەم كۆمەڵەكانی پێشوودا ئەوەيە، لەلایەك خۆیان تۆماری مێژوووەكەیان نەنووسیوەتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە، ئەو شوێنەوار و كەرەستە دەستكردانەشی لێیان بەجێ ماوە، تا ئێستا كەمترین كنینە و پشكنینیان بۆ كراوە.
هەر بۆیە، بێ گەڕانەوە بۆ تۆماری سۆمەرى و ئەكەدی و ئاشووری و بابلییەكان، ئەستەمە بە سەرەداوی مێژووەکەیان بگەین. بەو تۆمارانەیشى لەو كۆمەڵانەوە دەست پسپۆڕانی شوێنەوار و مێژوونووسان كەوتووە، مەڵبەندی نییشتەجێبوونى ئەوان نزیك بووە لە ئیمپراتۆڕیی ئاشووری، بۆیە تۆمارى ئاشوورییەكان باشترین بەڵگەی مێژوویین، بۆ ئەوەی چەند زانیارییەكمان لەسەر ئەو كۆمەڵە بدەنێ.
بەپێی تۆمارەى مێژووى ئاشوورییەكانیش، ئۆرارتووییەكان ئەو كۆمەڵە بوون لە دەوروبەری دەریاچەی وان نیشتەجێ بوون. دواتر سنووری دەسەڵاتیان گەیاندە ناوچەى ئەرمەنستان لە بەرى باكوورى خۆرهەڵات و دەریاچەی ورمێ لە بەری باشوور و باشووری خۆرهەڵات. بە بڕوای ئێمەش، ئەوان دانیشتوانی باكووری كوردستان بوون، هەمان ئەو كۆمەڵە بوون لە قۆناغی دواتردا لەلایەن (كەسنفۆن)ى سەركردەی دیارى یۆنانییەكان لە ساڵى (401پ.ز) بە ناوی (كاردۆخی) ناویان هێنرا. تەنانەت وەك ئازا و بوێر ناویان چووە تۆماری ئەو سەركردە مێژوونووسە یۆنانییەوە.
ناوى (ئورارتوو)، كە ناوى ئەم كۆمەڵەى لێ وەرگیراوە، لە تابلۆیەكی ئاشووریدا هاتووە و بۆ سەدەی سێزدەمی پێش زایین دەگەڕێتەوە. بەپێى ئەو تۆمارەش بێت، ئەوان لە نیوەی یەكەمی هەزارەی یەكەمی پێش زایین، یەكێك بوون لە كۆمەڵە دیارەكانی كوردستان لەو سەردەمەدا. لە چەند تۆمارێكی تریشدا هاتووە، كە ئەوان بە كشتوكاڵ و بەخێوكردنى ئاژەڵ و ڕەشەوڵاخەوە سەرقاڵ بوون و ئاسن و برۆنزیان بۆ پیشەسازیی سووك بەكار هێناوە.
خاڵێكى گرنگی دیکە لە مێژووى ئەو كۆمەڵەيەدا ئەوەیە، كە ئەوان خاوەنی دەسەڵاتێكی سیاسی بوون و بەو دەسەڵاتەشەوە بەرامبەر نەیارەكانیان وەستاون. ئەو دەسەڵاتەش بە (میرنشینی وان) و لە هەندێك تۆماری مێژوویشدا بە (دەوڵەتى ئۆرارتو) هاتووە. زۆریش پێدەچێت ناوی (دەریاچەى وان) لە ناوی ئەو میرنشینەوە وەرگیرابێت، يان پێچەوانەكەی ڕاست بێت، تا ئێستاش ئەوە بۆچوونی جیاجیای لەسەره. ناوی (ئورارتوو)ش لەناوی (ئۆرا) یان (ئاهوورا)وە هاتووە، بە مانای (خوداى گەورە).
دواتر پاشگرى (تو)ى چووەتە سەر. بەو پێیەش بێت، ئەوان كۆمەڵێكی خوداپەرست بوون و هەمان باوەڕى كۆمەڵانى (سووئى، لۆلۆبی، گوتی، كاشی، میتانى)يان بووە. ئەوەش بەڵگەی ئەوەیە، كە هەموو ئەو كۆمەڵانە یەك ڕیشەی ئایینى و تەنانەت نەژادییشیان هەبووە. بەڵگەش بۆ ئەوە، جیاوازیی باوەڕى ئەوان و كۆمەڵەكانی تر بووە لەگەڵ ئایین و باوەڕی كۆمەڵانى (سۆمەری، ئەكەدی، ئاشووری، بابلی) و تەنانەت (میسری كۆن).
سەبارەت بە ناوی میر و پادشاكانیان و شێوازی سیستەمی سیاسییان، ئەوەندە زانراوە، كە (ساردوری یەكەم/ 832– 825پ.ز) یەكێك بووە لە دەسەڵاتدارەكانیان و هاوچەرخی ئیمپراتۆڕی ئاشووری (شەلمانسەری سێیەم/ 858-824پ.ز) بووە. دواى ئەویش كوڕەكەی (ئاشبوینی/ 824- 806پ.ز) فەرمانڕەوایەتیى كردووە و لە دەربەندی (كێلەشین)ى نزیك شارۆچكەی (شنۆ) لە خۆرهەڵاتى كوردستان، چەند بەڵگەنامەیەكی بۆ بەجێ هێشتووین. بەو تۆمارانەش بێت، زمانی ئەم كۆمەڵە (خالدى) ڕێنووسی نووسینیان بسماری بووە.
ئەوەش تاكە تۆماری دەگمەنى ئورارتوییەكان و ئەو پادشایەیە، كە سەرباری مێژووی سەردەمەكەی، زمان و شێوەی نووسینەکەیانى بۆ بەجێ هێشتووین. دواى ئەویش كوڕەكەی (مینەوا/ 806- 780پ.ز) شوێنی گرتووەتەوە. دواى (مینەوا)ش كوڕەكەی (ساردوری دووەم/ 780—765پ.ز) و بەدوایدا (ساردوری سێیەم/ 765- 733پ.ز) شوێنی گرتووەتەوە.
لە سەردەمى (ساردوری سێیەم)، بەهۆى ئەو شاڵاوانەى بۆ بەری باشووری خۆرئاوای میرنشینەكەیان دەستى پێكرد، كە هاوسنوورى ئیمپراتۆریی ئاشووری بوو، وەك (دەوڵەتى ئورارتو) ناسران. ئەوەش بەهۆی ئەوەی، سنووری دەسەڵاتەكەیان فراوانتر بوو، هەروەها كێبڕكێیان لەگەڵ ئیمپراتۆڕیی ئاشووری كرد و پەلاماری چەندین ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئەوانیان دا و داگیریان كرد. وەك ئەوەی توانییان شارى (مەڵاتیە)، كە لای ئاشوورییەكان بە (كۆمۆخۆ) ناسراوە، بگرن و مەترسی بۆ سەر شاری (نەینەوا)ى پایتەختى ئاشوورییەكان دروست بكەن.
هەر ئەوەش وای لە ئیپمراتۆڕەكانی ئاشووری كرد، سنوور بۆ دەسەڵاتى فراوانخوازیی ئورارتوییەكان دابنێن. هەر بۆیە (سەرجۆنى دووەمی ئاشووری/ 722- 705پ.ز) شاڵاوێكی گەورەی كردە سەریان و دواى ئەوەى توانیی دوایەمین پادشایان بە ناوی (سارۆی یەكەم/ 730- 714پ.ز) بكوژێت، پایتەختەكەشیان بە ناوی (مینەوا خینیلی) داگیر كرا.
دواى ئەو ڕووداوەش، ئەو بەشەی لەو دەوڵەتە ڕزگار بوو و نەكەوتە ژێر دەسەڵاتى ئیمپراتۆڕیی ئاشووری، درێژەی بە دەسەڵات دا. ئەو بەشەش كەوتبووە دەوروبەری دەریاچەی ورمێ و هەرێمی موكریانی ئێستا لە خۆرهەڵاتى كوردستان، كە بە (هەرێمى ماننا) ناسرابوو. ئەو هەرێمەش بەناوبانگترین هەرێمی نێو قەڵمڕەوی (دەوڵەتى ئورارتو) بوو. لەم قۆناغەشدا كوڕ و نەوەكانی (سارۆى یەكەم) درێژەیان بە دەسەڵات دا،
لەوانە (ئاخشیری) و دواى خۆیشی (ئاولیلی)، بەڵام خاڵى نەرێنى لەم قۆناغەی دەسەڵاتى ئەم دەوڵەتەدا ئەوە بوو، كە بەهۆی هەڵەی بەڕێوەبردنى وڵاتەوە، دووچاری كێشە هاتن و كۆتایی بە دەسەڵاتیان هات. وەك ئەوەی (ئاخشیرى) بەهۆى زیادكردنى باج لەسەر بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، ڕووبەڕووی ناڕەزایی خەڵكی وڵاتەكەی بووەوە، تا دواجار لە ڕاپەڕینێكی جەماوەریدا كۆتایی بە ژیان هات و كوڕەكەى (ئاولێلی) ناچار بوو پەنا بۆ ئاشوورییەكانى نەیاری بنەماڵەكەیان ببات، بەڵام ئەو ڕووداوە ئەوى بۆ دەسەڵات نەگێڕایەوە، چونكە لەبرى ئەوەی ئاشوورییەكان درێژە بە شاڵاوەكانیان بدەن بۆ سەر قەڵمڕەوی دەوڵەتى ماد، مادەكان درێژەیان بەو شاڵاوانە دا بۆ سەر ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتى ئیمپراتۆڕیی ئاشووری.
هەر بۆیە دواجار نەك هەر ناوچەكانی دەوڵەتى ئورارتو، بەڵكوو بەشێكی ناوچەكانی سنووری دەسەڵات ئاشوورییەكانیش كەوتنە ژێر دەسەڵاتى دەوڵەتى ماد.
لایەنێكی ترى ژیانی سیاسی و شارستانیى ئەو كۆمەڵە ئەوە بوو، كە سەربارى ناوی (ئۆرارتو)، بە ناوی (نائیرى)ش ناسران. هەردوو ناوەكەش مانای بەرز و گەورەیان بەخشی، كە هەمان واتای (خۆر، ئاهورا، ئورا)ى گەیاند. مەبەست لەو ناوانە (خوداى گەورە) بوو، وەك پێشتر ئاماژەمان پێی دا. هەروەها مەبەست لەو ناوانە، باوەڕ و ناسرانی ئەوان بوو بە كۆمەڵێكی خوداپەرست. بەهۆی ئەوەشەوە لە دەسەڵاتدا كوڕ شوێنى باوكی گرتەوە، هەربۆیە سیستەمی سیاسی لای ئەوان وەك كۆمەڵەكانی پێشوو، جگە لە كۆمەڵى گوتی، پشتاوپشت بوو.