خیانه‌تی (هارپاك) له (ده‌وڵه‌تى ماد)
یه‌كێك له دیارترین خیانه‌ته‌كانی مێژووى كۆنى كورد ئه‌و خیانه‌ته بوو، كه (هارپاك)ى گه‌وره وه‌زیری ده‌وڵه‌تى ماد له پادشاكه‌ى به‌ناوی (ئه‌ستیاگز) كردی. ئه‌وه‌ش له كاتێكدا بوو، كه (هارپاك) له ئاست سه‌رۆك وه‌زیرانی ده‌وڵه‌تی ماد، جێگای متمانه و باوه‌ڕی پادشاكه‌ی بوو. ته‌نانه‌ت (ئه‌ستیاگز) به‌شێكی زۆری كاروباره‌كانی ده‌وڵه‌تی به‌و سپاردبوو. هه‌ر بۆیه نه‌ده‌بوو له قۆناغێكی مێژوویی‌دا هه‌موو ئه‌و خزمه‌ت و ڕابردووانه له‌یاد بكات و خیانه‌تی لێ بكات، تا دواجار ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی بداته كه‌سێكی ده‌ره‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی ماد و كۆمه‌ڵگای ماد هه‌رزانفرۆش بكات! به‌و ڕووداوه‌ش نه‌ك هه‌ر یه‌كه‌مین ده‌وڵه‌تی به‌هێزى مێژووی كورد و خاكى كوردستان له‌ناوچوو، كه ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌سه‌ر هه‌موو خاكی كوردستاندا هه‌بوو، به‌ڵكوو به‌هۆی ئه‌و ڕووداوه‌شه‌وه، دوایه‌مین پادشای ماد بووه سته‌مكار و دوژمنی خاك و خه‌ڵكه‌كه‌ى و ناوی (زوحاكى سته‌مكار)ى لێ نرا، كه هه‌رچییه‌ك بووبێت، سته‌مكار نه‌بوو.
(هارپاك) یان به زاراوه یۆنانییه‌كه‌ی (هارپاكۆس) ناوێكی نێرینه، گه‌وره وه‌زیری دوایه‌مین پادشای ده‌وڵه‌تی ماد بوو به‌ناوی (ئه‌ستیاگز)، كه پێشتر ناوی هێنرا. (ئه‌ستیاگز كوڕى كه‌ی ئه‌خسار) له‌نێوان ساڵانی (585−550پ.ز) پادشای ده‌وڵه‌تى ماد و دوایه‌مین پادشای بوو. ئه‌و كه له به‌شێكی سه‌رچاوه‌كاندا به (ئهژدهاك) هاتووه و تۆمه‌تی سته‌مكار و تاكڕه‌ویی خراوه‌ته پاڵ. ئه‌وه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی، تا كوژران و له‌ناوچوونی به ڕه‌وا بزانرێت! له‌كاتێكدا ئه‌و وه‌ك هه‌ر پادشایه‌كی سه‌رده‌می خۆى و مێژووى مرۆڤایه‌تیی بنه‌ماڵه‌یی و خاوه‌ن هێز و ده‌سه‌ڵات و بڕیاری خۆی بوو. كوژرانیشی به پیلانی (هارپاك) بوو، به مه‌به‌ستی خزمه‌تكردن به (كۆرش كوڕى كهمبوجیهى هه‌خامه‌نشی پارسی)، تا بیگه‌یه‌نێته ده‌سه‌ڵات. به‌و كاره‌ش ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له ماده‌كانه‌وه بۆ پارسه‌كان گوازرایه‌وه.
به‌پێی تۆماره‌كانی مێژووى كۆنیش، ناوی (هارپاك) به مانای (ڕزگاركه‌ر یان به‌خشینه‌وه‌ی ژیان) هاتووه، له‌كاتێكدا ئه‌و مانایه بۆ پارسه هه‌خامه‌نشییه‌كان ڕاسته نه‌ك ماده‌كان، به‌وه‌ی (هارپاك) ژیان و ده‌وڵه‌تێكی نوێی به‌وان به‌خشى، كه (ده‌وڵه‌تى هه‌خامه‌نشی) بوو. ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی بووه بناغه‌یه‌كی به‌هێز بۆ خاكی ئێران و ڕزگاركه‌رى نه‌ته‌وه‌ی فارس له ژێرده‌سته‌یی و بێ ده‌وڵه‌تى. ته‌نانه‌ت به‌و ڕووداوه، فارسه‌كان بۆ ساڵان و سه‌رده‌مه‌كانی دواتر هه‌ر به ده‌سه‌ڵاتدار و خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت مانه‌وه و كوردیش له خاكه‌كه‌ی خۆیدا و بۆ قۆناغه‌كانی دواتر له ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی و سیاسی بێبه‌ش كرا. واته فارسه‌كان ساڵ له‌دوای ساڵ و سه‌ده له‌دوای سه‌ده خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت و قه‌واره‌ی سیاسیی خۆیان بوون. به‌پێچه‌وانه‌وه‌شه‌وه، ئه‌و خیانه‌ته بووه هۆكاری له‌ده‌ستدانی ده‌وڵه‌تێكی به‌هێزى وه‌ك ده‌وڵه‌تى ماد و كۆتایی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی كوردی له كوردستان و لای كورد، تا ڕۆژگارى ئیمڕۆ. واته له‌بری ئه‌وه‌ی ڕزگاركه‌ری ده‌وڵه‌تی ماد و به‌خشینه‌وه‌ی ژیانێكی سیاسیی نوێ بێت به‌و ده‌وڵه‌ته، هۆكاری له‌ناوچوون و ڕووخانی ئه‌و ده‌وڵه‌ته و كوشتنی دوا پادشای بوو به‌ناوی (ئهستاگز) له ساڵی (550پ.ز)دا. به‌و ڕووداوه‌ش كۆتایی به ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ماد هات و له‌سه‌ر میراتی و شوێنه‌واره‌كانی ده‌وڵه‌تی ماد، ده‌وڵه‌تی هه‌خامه‌نشینی به سه‌ركردایه‌تیی (كۆرشی كوڕی كهمبوجیه كوڕى كۆرش) دامه‌زرا. ئه‌وه‌ش دوای ئه‌وه‌ی به‌هۆی خیانه‌تی له پادشا و گه‌وره‌كه‌ی، پشتى كرده نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی و پشتیوانیی له (كۆرشی دووه‌م) كرد، بۆ لێدانی پادشای ماد و ڕووخانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی.
خیانه‌ته‌كه‌ی (هارپاك) دوای ئه‌وه هات، كه پشت له خزمه‌ته‌كانی پادشا و ده‌وڵه‌تی ماد بكات. ئه‌و پادشایه‌ی ئه‌وی گه‌یانده پایه‌ی وه‌زیری. به‌پێی تۆماری مێژوونووسی دیاری یۆنانی (هیرۆدۆت/485−425پ.ز) ئه‌و كه‌سایه‌تییه یه‌كێك بوو له به‌وه‌فاترین و ڕاستگۆترین كه‌سایه‌تییه‌كانی نێو ده‌وڵه‌ت و كۆمه‌ڵگای ماد و به مرۆڤه پاك و ڕاستگۆ و بهوهفاكه بۆ پادشا و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی ناسرا، به‌ڵام له دوا وێستگه‌كانی ته‌مه‌نیدا، ئه‌و پاكی و راستگۆیی و دڵسۆزییه‌ی خسته خزمه‌تی بنه‌ماڵه‌ی هه‌خامه‌نشی پارسی و دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و ده‌وڵه‌ته به‌ناوی (كۆرشی كوڕی كهمبوجیه)، كه هۆكاری ڕووخان و له‌ناوچوونی ده‌وڵه‌تی ماد بوو. ئه‌وه‌ش به‌و واتایه‌ی، كۆتایی ته‌مه‌نی بووه كه‌سێكی بێوه‌فا و ناپاك و خۆفرۆش بۆ كۆمه‌ڵگاكه‌ی و ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی ئه‌ویان به سه‌رده‌م و ناوچه‌كه‌ی ناساند.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، به‌هۆی ئه‌و خیانه‌ته‌وه، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كوردستان بووه ژێرده‌سته و به‌سه‌ر هێز و ده‌وڵه‌ته زلهێزه‌كانی مێژوودا دابه‌ش كرا، نه‌ته‌وه‌ی كوردیشى كرده ژێرده‌سته‌ی نه‌ته‌وه‌كانی (فارس و ئه‌رمه‌ن و عه‌ره‌ب و تورك و ڕووس). ئه‌و نه‌هامه‌تییه‌ی تا ئیمڕۆش كورد و خاكه‌كه‌ی باجه‌كه‌ی ده‌دات. ماوه‌ته‌وه بڵێین: (هارپاك) به‌و كاره‌ی، زه‌مینه‌ی چه‌ندین كاری خیانه‌تكاریی له‌ناو خاك و نه‌ته‌وه‌كه‌یدا ڕه‌خساند، كه تا ئیمڕۆش درێژه‌ى هه‌یه! به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه، بۆ ساڵان و سه‌رده‌مانێكی زۆر دواتر و ته‌نانه‌ت تا ئیمڕۆش، هاوزمان و هاونیشتمانییه‌كانی ناگه‌نه كه‌ناری ئارام و به سه‌ربه‌خۆیی و سه‌رفرازیی نیشتمانه‌كه‌یان ناگه‌ن!
سه‌رچاوه‌كانی ئه‌م باسه:
1.هیرودوت: تاریخ هیرودوت.
2.یر پى گریمال: اسطورهاى بابل و أیران باستان، ترجمه: أیرج على أبادى.
3.دیاكۆنۆف: میدیا، وه‌رگێڕانی: بورهان قانع.