پارێزگای ھەولێر یەکێک لە پارێزگاکانی کۆماری عێراق و یەکێک لەو پارێزگایانەیە کە لەژێر دەسەڵاتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دایە. ناوەندی پارێزگای ھەولێر، شاری ھەولێرە. بۆ ساڵی ٢٠١٥، ژمارەی دانیشتووانی ئەم پارێزگایە ٢٠٠٩٦٣٨ کەس مەزەندە کراوە.

ھەندێ لە زانایان، ھەولێر و ھەرێمی کوردستان بەلانکەی مرۆڤایەتی دەزانن، لەبەرئەوەی ئەشکەوتی شانەدەر باشترین بەڵگەی مێژوویی مرۆڤە بەوپێیەی کە ئەشکەویتێکە لە جیھان گرنگی تایبەتی ھەیە و کەوتووەتە نزیک شاری ھەولێر. تەمەنی ئێسکبەندەکان کە بۆ ٦٠ تا ٦٥ ھەزار ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە بەرێگەی زانستی سەلمێنراوە بەدرێژایی مێژوو، تا ئێستا ھیچ رۆژگارێکی ئەو ناوچەیە واتا ئەشکەوتەکە و شاری ھەولێر بێ مرۆڤ و دانیشتوان نەبووە. ھەولێر کۆنترنی شاری جیھانە تا ئێستا بە ئاوەدانی ماوەتەوە.

لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی ھەولێر قەزایەک بووە سەر بە لیوای مووسڵ، بەڵام دوای نەمانی ئەوان و ھاتنی ئینگلیز بۆناوچەکە، ئالوگۆڕ بەسەر شێوەی فەرمانداری دامو دەزگاکان ھاتووەو جۆری بەڕێوەبەربردنی نوێ ھاتووەتە ئاراوە. دیارە ھەولێریش سەردەستەی ئەم گۆڕانکاریانە بوو، لەسەردەمی ئینگلیزەکان (حاکم سیاسی) لەلیواکان کاریان کردووە، یاریدەدەری دادوەری ڕامیاریش لەقەزایەکان دانیشتوون (دەبلیو- ئار-ئێچ) کەئەفسەرێکی ئینگلیزە، یەکەم یاریدەدەری دادوەری رامیاری بووە لەھەولێر، پاشان کە ھەولێر بووەتە پارێزگا ھەر بەخۆی بووە بە دادوەری ڕامیاری ئەم شارە، لەپەرتووکی (دوو ساڵ لەکوردستان) کە بیرەوەرییەکانی خۆیەتی بەمجۆرە باس لەمگۆڕانە دەکات:« رۆژی (٥/١١/١٩١٩) بروسکەیەکم پێگەیشت کە بەدادوەری رامیاری پارێزگای نوێی ھەولێر دامەزراوم کە لەڕۆژی (١/١/١١٩١٩) بڕیاری بوونی بەپارێزگا دەرچوو بوو" . بەم پێیە ھەولێر لەو ڕۆژەوە بووە بە پارێزگا واتە رۆژی (١/١١/١٩١٩) بەگوێرەی ئەم قسانەش بێ (دەبلیۆ-ئار-ئێچ) یەکەم پارێزگاری ھەولێر بووە لەپاش نەمانی دەسەڵاتی عوسمانلییەکان، بەڵام دووای پێکەوەنانی دەوڵەتی عێراق».


ھاوینەھەواری شەقڵاوە: ھاوینە ھەواری شەقڵاوە دەکەوێتە لای باکوورو دەکەوێتە نێوان ھەردوو چیای سەفین (٩٦٠م) و چیای سوورکە و، پلەی گەرمای لە ھاویندا دەگاتە (٣٠–٣٥) پلە و، لە زستاندا دەگاتە -١٠ ژێر سفر. لە شەقڵاوەدا داروباری چر بەدی دەکرێ، کە پێکھاتووە لە داری (خۆخ و جوێز و ترێ و ھەنار و ھەنجیر…)و بازارێکی گەورەی تێدایە کە جۆرەھا خواردەمەنی و سەوزە و میوەی و بەوشک کراوەیی وەکو کوێز و ھەنجیر و قەیسی. ساڵانە بەسەدان گەشتیار ڕوو لە شەقڵاوە دەکەن بەھۆی دیمەنی سەرنج ڕاکێشی و ئاووھەواکەی.

تاڤگەی گەلی عەلی بەگ: ئەم ھاوینە ھەوارە ١٣٠کم لە ناوەڕاستی شاری ھەولێر دوورە و، بەیەکێک لە ھاوینەھەوارە سەرنج ڕاکێشەکانی ھەرێمی کوردستان دەژمێردرێت. دەکەوێتە نێوان چیای کۆڕەک و برادۆست بەدرێژایی١٢کم، شوێنەکە بەبەرزی ٨٠٠ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بڵندە و، پلەی گەرمای دەگاتە ٣٥ پلە لە ھاویندا و، ١٠ لە زستاندا. لەم شوێنەدا دوو ڕووبار بەیەک دەگەن، یەکیان لە دۆڵی ئالانە سەر بەناحیەی خەلیفان کە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ پێک دەھێنێ، لەگەڵ ئەویتریان کە لە شارۆچکەی ڕەواندوز ھەڵدەقوڵێ کە ئاوی بێخاڵە، زێی گەورە پێک دەھێنن. سەرەڕای تاڤگە گەورەکە چەندان تاڤگەی بچووکی تری تێدایە. ئەم شوێنە بە سروشتی شاخاویەکەی و داروبارە جۆراو جۆرەکەی، بووەتە شوێنی گەشتوگوزار کە خەڵکی زۆر ڕووی تێدەکەن.

ھاوینەھەواری بێخاڵ: ھاوینە ھەواری بێخاڵ ١٤٠کم لە چەقی ھەولێرەوە دوورە و، دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی گەلی عەلی بەگ و، لە دووری ١٠کم لە ڕۆژئاوای شارۆچکەی ڕەواندوز و پلەی گەرمای لە ٣٢ پلە بەرز نابێتەوە لە ھاوین دا. دەتوانین بگەین بە بێخاڵ لە ڕێگای گەلی عەلی بەگ یان لە ڕێگای ڕەواندوز. لەم ھاوینە ھەوارە تافگەیەکی ڕوون و گەورە ھەیە کە بە درێژایی شاخەکەی داپۆشیوە، شوێنێکی زۆر سەرنج ڕاکێشە، خەڵکی لە سەرەتای بەھاردا ڕووی تێدەکەن تا کۆتایی ھاوین.

ھاوینەھەواری جوندیان: ئەم ھاوینە ھەوارە ١٤٧ کم لە چەقی ھەولێرەوە دوورە و، ٥ کم لە شاری دیانا دوورە، و دەکەوێتە لای خوارەوەی چیای ھندرێن، پلەی گەرمای لە ھاوین دا دەگاتە ٣٢ پلە. ھاوینە ھەواری جندیان ناوبانگی بە چاوی ئاوی سیحری دەرکردووە (عیون الماء السحریە) بەھۆی بوونی ئەشکەوتێک، کە تێیدا ئاوی تێدا ھەڵدەقوڵێ و، بووەتە شوێنی سەرەنجی گەشتیاران.

ھاوینەھەواری حاجی ئۆمەران: دەکەوێتە باکووری شاری ھەولێر بە دووری ١٨٠ کم، پلەی گەرمای دەگاتە ٣٠ پلە لە ھاویندا. ئەم شوێنە بەسەوزایی چیاکانی ناوبانگی دەرکردووە، ھەروەھا بەسروشتەکەی و ھەڵقوڵاوەکانی بەتایبەتی سەرچاوەی ئاوی کانزایی شێخی باڵەکیان کە خەڵکی سەردانی دەکات بۆ چارەسەری ھەندێ نەخۆشی وەکو (جگەر و پێست)، بۆیە لە ھاوین دا ئەم شوێنە ناودەبرێت شوێنی گەشتوگوزاری چارەسەری.

سەری ڕەش و پیرمام: دوو ناوچەی نزیک شاری ھەولێرن، لە ھەولێرەوە بە ئۆتۆمبێل بۆ شارۆچکەی سەلاحەدین ١٥ خولەک ڕێگەیە، ئەو شوێنەی لە بەرزایییەوە دەڕوانێتە دەشتی کاکی بە کاکی ھەولێر. مەودای ڕاستەوخۆی لە گەڵ تورکیا ١٨٠ کیلۆمەترە. بەڵام ئەوێش لە زمانی خەڵکەوە سەلاحەدین نییە و مەسیفە. لە بەرزترین خاڵی مەسیف کە بە یەکێک لە چیا بەرزەکانی کوردستان دێتە ئەژمار، سەری ڕەش ھەڵکەوتووە؛ و لەو شوێنەوە باشووری کوردستان بەڕێوە دەبرێ چونکە شوێنگەی سەرەکی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە. ئێستا پیرمام (مەسیف) بووەتە بارەگای سەرەکی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەرگەی فەرمانرەوایەتی کردنی کوردستانە و ھەمو ھێزە سیاسییەکانی پارتی و ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە پیرمامن و ئارامترین شوێنە بە تایبەتی لە دوای تەواوبونی تونێلی ھەولێر-شەقڵاوە کە لەژێر چیای سەربەنەوە تێدەپەڕێت سەلاحەددین دەبێتە جومگەی پاراستنی کوردستان، ھەر کە دەگەیت بە ناو شارۆچکەی پیرمامدا چەندین کۆشک و ڤیلا سەرنجت ڕادەکێشێت، و لە ئێستادا چەندین پلانی تۆکمە ھەیە بۆ ئەم شارۆچکەیە لە ڕووی ئاسایشی و گەشتیارەوەبەلام بە ھەبوونی پلانێکی گەورە و تۆکمەی پارێزڤانی، و سەری ڕەشیش تەنھا ٥ دەقیقە لە ناو مەسیفەوە دورە شوێنی حەوانەوەی سەرۆک مسعود بەرزانی یە، ئێستا بارەگای سەرۆکایەتی ھەرێم و پارتییان لێیە.


ھەروەک دەزانرێت ھەرێمی کوردستان بەوە دەناسرێت کە کۆنترین شوێنە کە مرۆڤ لەمێژووی خوێدا کشتوکاڵی لێوە کردبێت، ئەوەتا لەھەولێرو لەگوندی (زار چەمی) یەکەم گوندی کشتوکاڵی لەجیھاندا لەنزیک (شانەدەر) ھەبووە. ھەولێری پایتەخت بەوەجیا دەکرێتەوە کە کەشوھەوای یەکجار باش و زەویەکی بەپیت و بەرەکەتی ھەیە. بەیانیان وەزرەکان لەھەولێر دوو وەرزی چاندن ھەیە (ھاوینە و زستانە) کە لەم پێدەشتەدا لە وەرزی ھاوین بەرھەمەکانی وەک (تەماتە، خەیار، باینجان، شفتی، باڵندە، پیاز، سیر، کونجی، توتن، گوڵە بەرۆژە، فاسولیا، کودی.. ھتد) دەچێندرێت. سەبارەت بە بەرھەمەکانی زستانە ئەوا بریتییە لە (گەنم، جۆ، نیسک، نۆک، پاقڵەمەنییەکان. گەر سەیرێکی بەرھەمی پارێزگا بکەین لە بواری کشتوکاڵدا بەروبوومی سەرەکییەکان دەکرێتە چەند بەشێک:

دانەوێڵە (گەنم، جۆ، برنج).
بەرووبوومی پیشەسازی و ڕۆندارەکان (کونجی، گوڵە بەڕۆژە، توتن)
سەوزەوات (تەماتە، خەیار، شفتی، گندۆرە، پیاز)
میوە (ترێ، سێو، قەیسی، خۆخ، ھەرمێ، ھەنار).
پاقڵەمەنییەکان (نۆک، نیسک، فاسولیای تەڕ).
جێگای ئاماژەیە کە قوڵی ئاوی ژێر زەوی لەو پارێزگایە بەپێی وەزارەتی کشتوکاڵ بریتییە لە ١٠٠–١٥٠ مەتر کە ئاوێکی سازگارە و ڕادەی سوێریی ٤٠٠/١٠٠٠٠٠٠ ملم سێجایە، ھەرچی ئاوی سەر زەوییە لەنێوان ١٠–١٥مەترو لە ئەوانی تر سوێرترەو تەنیا بۆ ئاودێری بەکاردێت لەبەر ئەویش دەشتەکانی پارێزگا زۆر بەپیت و بەرەکەتن و ژمارەیەکی زۆر بیر ئیرتوازی لێدراوە لەدەشتەکانی (ھەولێر، ھەریر، کویسنجەق، مەخمور). سەبارەت بە ڕووبەری پارێزگای ھەولێر ١٤٤٧ کم دووجایە کە دەکاتە ٣٫٣٪ی ڕووبەری عێراق.