سەرەتایەک بۆ مێژووی ئایینیی کوردەواری

ai1

پێشەکی

لە سەدەی رابردوودا و بە پێکهاتنی دەوڵەتە نیمچەمۆدێرنەکانی زاڵ بە سەر کوردەواریدا، بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵ دراوە کە خەڵکی کوردەواری لە لایەنە جیاوازەکانی مێژووی خۆیان کە بناغەی ناسنامەیان پێکدەهێنێت ئاگادار نەبنەوە و لە نادیاریی و تاریکیدا وردەوردە بتوێنەوە، نەوەکو ببنە مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەکانی نەتەوە باندەستەکان. لەگەڵ هەوڵی ئەو دەوڵەتانە بۆ دابڕانی پارچەکانی کوردستان لە یەکتر، شەق خرایە ناسنامەی مێژوویی تاڕادەیەک یەکپارچە و بەردەوامی ئەو خاکە و تۆکمەیی گەلەکەی. کوردستان وەک یەکەیەکی جوگرافی-مێژوویی و کورد وەک نەتەوەی بەردەوام خاوەن ئەو خاکە رەچاو نەکران و هەر لایەکی کەوتە بەر هێرشی ناسنامەێکی تر. هەر دەوڵەتێک بەپێی سیاسەت و مێژووی ساختەی خۆی هەوڵیدا بۆ داڕووتاندنی ناسنامەی سەرەکی و رەسەنی کوردستان و سەپاندنی ناسنامەی مێژوویی دەسکردی خۆی بە سەریدا تاکو بەوجۆرە زیاتر بەخۆیەوە گرێ بدات. کاریگەری ئەو سیاسەتە بە جۆرێ قەیرانی ناسنامەیشی لە کوردستاندا پێکهێناوە و کۆمەڵگای کوردی نە ناسنامەی داسەپاوی ساختە قبووڵ دەکات و نە رێگەشی پێ دەدرێت بۆ ناساندنی خۆی بە ناسنامەی رەسەن و مێژوویی خۆیەوە. ئەم دوورخستنەوە و دەسکاری و سەپاندنی ناسنامەی نوێ لە زۆر بوار و لایەنەوە جێبەجێ کراوە کە لایەنی ئایینی یەک لەوانەیە. مێژووی ئایینی و كولتور و شوێنەوارە دێرینەكانی پێوەندیدار بەوە لەو تایبەتمەندییانەن کە لایەنێکی ناسنامە و سەرچاوەی هەرەگرنگی ناسنامەی مێژوویی کوردەوارین و دێرینبوونی کوردستان پیشان دەدەن، بۆیە پێویستە لە سیاسەتی کوردیدا سەرنجی تایبەت بدرێن. لەو پێوەندییەدا، ئەم بابەتە دەیهەوێت لایەنێ لە ناسنامەی مێژوویی ئەو خاکە و نەتەوەی سەرەکی خاوەنی روون بکاتەوە و تیشک بخاتەسەر مێژووی ئایینی کوردستان، بزانێت کە ئاخۆ بەردەوامبوونی ئایین لە مێژووی کوردستاندا چۆن بووە؟ لەو ئاڕاستەدا گریمانە دەکرێت کە ئایین دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بگۆڕە و کوردستانیش وەک هەندێ لە وڵاتانی کۆنی تر مێژووی ئایینیی دەوڵەمەندی هەیە و بەردەوام ئایینە جۆراوجۆرەکان لەو ناوچەدا بوون و ناکرێ کورد و کوردەواری تەنیا بە یەک ئایینەوە پێوەند بدرێن و هەر ئایینێک بەشێک لە مێژووی پێکدەهێنێت و لە دڵی هەر ئایینێکیشەوە بەشێک لەو مێژوەی دەردەکەوێت. بۆ روونبوونەوەی ئەو پرسە، لەو بابەتەدا هەوڵ دراوە بە کورتی ئاورێک بدرێتەوە سەر رەوتی هاتوچوونی ئایینەکان و بوونیان لە کوردەواریدا لە سەردەمی کۆنەوە تاکو پاش هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان.

دێرینبوونی ئایین لە کوردستاندا
هەر لە چاخی بەردینەوە(1) مرۆڤ لە ناوچەی کوردەواری جێگیر بووە و دواتر لانکی شارستانییەت و ئایین بووە. لە باری کۆمەڵایەتییەوە دیارە ئەو ناوچە شوێنی ژیانی باپیرانی گەورەی کورد لەوانە خەڵکی سۆمەری، ئیلامی، هوری-میتانی، هیتی، لوڤی، گوتی، مانی، کاسی، لولوبی و ماد و تاکو ئێستا بە زۆرینە خودی نەتەوەی کورد بووە. لە سۆنگەی مێژووی سیاسی و دەسەڵاتدارێتییەوە، بێجگە سۆمەرییەکان، لە یەکەم شارستانییەتەکان لە ناوچەکە پاشایەتی میتانییەکان بوو کە لە نەتەوە هورییەکان یان هوری زمانەکان بوون کە لە دوو تا سێ هەزار ساڵ پیش زایین لە ناوچەکە بوون و مێژووی پاشایەتیەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزار و پێنجسەد ساڵ پێش لەدایکبوونی مەسیح. دواتر ئەوانەی لە مێزۆپۆتامیا/نێوان دوو رووبار بوون وەک ئەکەدی و ئارامییەکان، ئاسوورییەکان و پاشان مادەکان، هێخامەنشییەکان، ئەرمەنییەکان، سلۆکییەکان، رومییەکان، ئەشكانییەکان و ... تاد، کە هەندێکیان خۆیان کورد بوون هەرکام بۆ ماوەیەک بەشگەلێک یان هەموویان خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵ. لە سۆنگەی ئایینیشەوە، دیارە کوردەواری لەو شوێنانە بووە کە هەر لە سەرەتاکانی مێژوویەوە لەوێدا چالاکی ئایینی هەبووە و تاکو ئێستا ئەو رەنگوبۆنە ئایینییە جۆراوجۆرە تاڕادەیەک پارێزراوە.
ئایین دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی بگۆڕە و خەڵکانی جۆراوجۆر دەتوانن بیگۆڕن و لە مێژوودا وابووە. بۆیە هیچ نەتەوەیەک ناتوانێت بە دڵنیاییەوە خۆی گرێ بدات بە تەنیا یەک ئایینەوە (گەرچی وەک دەگمەن بڕێ لە جوولەکەکان ئەو داواکارییەیان هەیە) و رەنگە هەر ئایینێک بەشێک لە مێژووی ئەو نەتەوەی بۆخۆی تەرخان کردبێت. کوردیش ئایینگەلێک وەک فرەخوایی، میتراییزم و باوەڕمەندی بە فریشتەکان، ئێزدی/داسنی، جوو، زەردەشتیی، مەسیحی، مانی و مەزدەکی و موسڵمانی هەبووە و هەرکام لەوانە بەشێک لە مێژووی ئایینیی کوردستانیان پێکهێناوە. رۆژهەڵاتی ئێستاکەی کوردەواری پێش ئیسلام زیاتر لە ژێر تەشەنەی ئایینە فرەخواییەکان، میتراییزم و زەردەشتیی/مەزدایەسنی (مەزداپەرستی) بووە و ئایینە ئیبراهیمییەکان کەمتر لەوێدا تەشەنەیان هەبووە. بەڵام باشوور، باکوور و رۆژاوای ئێستاکەی کوردەواری وێرای ئەزموونی فرەخوایی و زەردەشتی بوون زیاتر لە ژێر کاریگەریی ئایینە ئیبراهیمییەکاندا بوون. گەرچی رەنگە هەندێ لە ئایینەکان بە هۆی زۆر کۆن بوون و نەمانەوەیان لە کوردستاندا یان بوون بە کەمینە، ئەوەندە مێژووی کوردیان پێوە دیار نەبێت، بەڵام هەندێکیشیان هەڵگری بەشێکی گرنگی مێژووی کورد بوون و لە توێی پەرتووک و مێژووی ئەوانەوە سووچێک لە مێژووی کورد دەرکەوتووە و دەکرێ دەرکەوێت.
کەواتە، لە رووی ئایینییەوە دەکرێت بە گشتی مێژووی کوردەواری بە سەردەمی سروشتپەرستی و فرەخوایی، سەردەمی ئایینە ئاسمانییەکانی پێش ئیبراهیم، سەردەمی زاڵێتی ئایینە ئیبراهیمییەکانی پێش مەسیحییەت و ئایینی زەردەشتیی، سەردەمی زاڵێتی مەسیحییەت و زەردەشتیی و سەردەمی زاڵێتی ئیسلام دابەش بکرێت. دیارە هاوکات لەگەڵ زاڵیەتی ئەمانە وردەئایینەکانی تریش هەبوون. لە درێژەدا بە کورتی ئاماژەیەک بە مێژوو، نیشانە و شوێنەوارەکانی ئەو سەردەمانە دەکرێت.

سەردەمی ئایینە ئاسمانییەکانی پێش ئیبراهیم، فرەخوایی و ئێزدی
لە روانگەی ئایینە ئاسمانییەکانەوە ئافراندنی مرۆڤ پێوەند دەدرێت بە ئافراندنی ئادەم ەوە کە پاشانیش بەرەبەرە پێغەمبەرانی تر بۆ خەڵکانی جیاواز نێردراون و باب و باپیرانی کوردانیش لەو خەڵکانە بوون. لەو پێوەندییەدا هەندێ گۆڕ و شوێنەوار لە کوردەواریدا پێوەند دەدرێن بەو سەردەمەوە. بۆ وێنە لە ناوچەی ئێگل/گێل (Êgil‎/Gêl) لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان گۆڕێک پێوەند دەدرێت بە حەزرەتی ئەنووش(2) کە لە کەسایەتییە ئەفسانەییەكان و لە پەرتووکی پیرۆزی ئافراندندا وەک کوڕی شیس کوڕی ئادەم ئاماژەی پێ دەکرێت و هەندێ مێژوونووسی موسڵمانی سەرەتاییش رەچەڵەکی پێغەمبەری ئیسلامیش دەبەنەوە سەر ئەو. هەروەها، هەندێ چیرۆک و ئەفسانەی ئایینی نەتەوە کۆنەکانیش بە شێوازی جۆراوجۆر باسی ئافراندنیان کردووە. لە کۆنترینی ئەوانە ئەفسانەی ئافراندنی ئادەم بەپێی ئایینی سۆمەرییەکانە کە كولتورێكی ئایینی بەهێزیان هەبووە و سەرەتای ئافراندنی مرۆڤیان گرێ داوە بە دامەزراندنی شارستانییەتەکەی خۆیانەوە و دەگوترێت کۆنتر لە ئایینە نوێیە ئاسمانییەکان (جوو، مەسیحییەت و ئیسلام) بووە و کورد لەو رێگایەوە گرێ دەدرێت بە ئادەم ی سۆمەرییەکانەوە.(3) لەو پێوەندییەدا، ئیبنی وەحشییە لە سەدەی دووی کۆچیدا (سەدەی نۆی زایینی) کاتێک باسی زانستی وەرزێریی و جووتیاریی لای کوردەکان دەکات، دەڵێت "کوردەکان دەڵێن کە زانستی وەزێرییان لە ئادەمەوە بۆ ماوەتەوە". گەرچی لە روانینی یەکەمدا ئەم وتەیە بۆ پیشاندانی کۆن بوونی ئەو زانستە لای کورد بووە، راڤەیەکی تر وەهایە کە ئادەمی سۆمەرییەکان لە حەوت پەرتووکی پیرۆزدا کە کورد ئەوانەی بە هی خۆی زانیوە زانیاریی بەتایبەت لە بواری وەرزێریدا بۆ کوردەکان بەجێ دەهێڵێت. کاتێک زیوسودرا ئاگادار دەکرێتەوە کە لافاو دێت (بە گێڕانەوەیەکی تر خواکان لافاو دەنێرن بۆ لەنێوبردنی مرۆڤ) ئەو پەرتووکانە لە شاری سیپار/سیپەرە دەشارێتەوە و بۆ رزگاریی کەشتییەک چێ دەکات و پاش لافاوەکە(4) ئەو وەک یەکەم پاشای سۆمەری کە کوردەکان خۆیان بە بەرەی ئەو زانیوە ئەو پەرتووکانە لە شاری سەفریس/سیپار دەردێنێت کە دەگوترێت لە تەوراتدا هەر ئەو باخی عەدەنەیە کە وەک یەکەم شوێن خوا ئادەمی تێدا داناوە. پاشان شاری بابل دادەمەزرێنێتەوە و پاش ئەو زۆرێک دەسەڵاتداری میدی پاشای بابل دەبن.(5) هەرچۆنێک بێت، ئەو ئەفسانەیە دێرین و دێرینبوونی کورد پیشان دەدات و نیشانەکانی ئاماژەپێکراو لە ئایینە ئاسمانییەکاندا سەبارەت بە ناوچەکەش، ئەگەری بوونی ئایینە کۆنە ئاسمانییەکان و پێوەندی کورد بە ئایین و پێغەمبەرانەوە هەر لە سەرەتاکانی ناردنیانەوە پیشان دەدات.
هەر لەو پێوەندییەدا، سەبارەت بە ئەگەری بوونی ئایینە پێش ئیبراهیمییەکان دەکرێ بە چیرۆکی حەزرەتی نوح ئاماژە بکرێت کە دەگوترێت بە رەچەڵەک دەچێتەوە سەر ئەنووشی کوڕی شیس کوڕی ئادەم کە باسکرا. بەپێچەوانەی چیرۆکەکەی زیوسودرا کە پاش لافاوەکە سەرەتا دەچێتە سیپار و بابل، بەپێی هەندێ گێڕانەوە لەوانە قورئان کەشتییەکەی نوح لە سەر کێوی جوودی (جودی یان "الجودی" لە قورئاندا)(6) نیشتووەتەوە کە دەگوترێت بە ئەگەرەوە هەر کێوی جوودی لە باکووری کوردستان بووە و ئێستاش شوێنەوارێكی هاوشێوەی کەشتی لەو کێوەدا بەوەوە پێوەند دەدرێت.(7) لە هەگادە (Haggada) دەقی پیرۆزی جووەکانیشدا ئەو شاخەی کە کەشتییەکەی نوح لەسەری گیرساوەتەوە بە شاخی کاردو/قاردو ناوی براوە.(8) مێژوونووسەکانیش ئاماژەیان بەو چیرۆکە و چالاکییەکانی حەزرەتی نوح لەو ناوچە کردووە، لەوانە پەرستگە و قوربانگە لەسەر جوودی و ئاوەدانکردنەوەی گوندێک لەو دەوروبەرە بۆ کەسانی هاوڕێی. هیپۆلیتوسی مەسیحی لە سەدەی دووەم و سێهەمی زایینیدا لە باسی کەشتییەکەی نوحدا ئاماژە بە شاخی کاردو و شاخی گوداش/جوداش واتە جوودی دەکات. ئەبوو حەنیفەی دینەوەری لە سەدەی نۆدا و ئیبن ئەسیر لە سەدەی سێزدەی زایینیدا کە خۆیان کورد بوون و کەسانی تر لە باسی کەشتییەکەدا ئاماژە بە نیشتنەوەی کەشتییەکەی نوح لەسەر لووتکەی جوودی لە ناچەی جزیرەی کوردستان دەکەن.(9) هەروەها ئەولیا چەلەبی (1611-1682) لە زمانی مەقدیسییەوە واتە چەند سەدە پێشتر لە خۆی دەڵێت کە پاش باهۆز و لافاوی نوح، یەکەم شوێن شاری جوودی و دواتر شەنگار و فارقین/سیلڤان ئاوەدان کراونەتەوە و کوردوم شا خاوەنی شاری جوودی لە ئۆممەتی نوح بووە. لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە سەرچاوە مێژووییەکان بنەچەی ناوی کورد دەگەڕێننەوە بۆ ئەو شوێنەی کە نوحی لێ گیرساوەتەوە واتە هەر جزیری کوردستان.(10) هەرچۆنێک بێت، گەر ئەو چیرۆکە راست بێت، ئەوە پیشاندەری بوونی ئایینی حەزرەتی نوح و پێغەمبەرانی پاش ئەو لەو ناوچەیە. واتە ئەگەر پێشتریش لەوێ نەبووبێتن، پاش گیرسانەوەیان لەوێ ماونەتەوە و لەوێوە بڵاوەیان کردووە. ئەگەری بوونی حەزرەتی ئیبراهیم لە ناوچەکە و پێغەمبەرانی بەنی ئیسرائیلی و پێش مەسیحییەت و پێوەنددانی هەندێ گۆڕ بەوانەوە دەتوانێت تاڕادەیەک پاڵپشتی ئەو ئەگەر و گریمانەی سەرەوە بێت.
هەروەها، سەبارەت بە فرەخوایی، بێجگە سۆمەرییەکان، میتانی هوریەکان لە نموونەی سروشت و فرەخواپەرستانی کوردستان بوون و لە باری ئایینییەوە وەک میسرییەکانی ئەو کات هەندێ خوایان بۆخۆیان هەبووە. دەگوترێت کە هور شێوەزاری کۆنی خۆر بووە و هوریەکان خۆرپەرست بوون و هەروەها یەکێکی تر لە خواکانی هوری نێرگەل (Nergal) خوای جیهانی ژێرەوە و یەکی تریان هەزی (Hazzi) خوای چیا بووە. هەزی خوای چیای هوریەکان پێوەند دراوە بە ناوی هەزەبان یەک لە دەسەڵاتدارێتییەکانی دواتری کورد. بە پێی هەندێ سەرچاوە، میتانییەکان بە میترا سوێندیان خواردووە بۆ وێنە لە پەیماننامەیان لەگەڵ هیتییەکاندا. میترا خوای رۆژ/خۆر و وەک خوای بەڵێن و پەیمان گرنگترین خوایان بووە. کەواتە باپیرانی کوردان لە سۆمەر و میتانییەکانەوە بۆ مادەکان ئایینی فرەخوایی و میتراییزمیان تێدا باو بووە. هاوکات و پاش ئەوان بەرەبەرە ئایینەکانی تریش روو دەکەنە کوردستان و یان سەرهەڵدەدەن. لەو پێوەندییەدا یەک لەو ئایینانە کە وەک ئایینی رەسەنی کوردی رەچاو دەکرێت و مێژووی سەرهەڵدانی بە جۆرێ پەیوەند دەدرێت بەو سەردەمانەوە، ئایینی ئێزدی بووە کە دووراودوور پێوەندیی لەگەڵ رێبازی فریشتەکان هەیە و ئایینێکی ناوەندگیری نێوان باوەڕ بە خوای تاقانە و فریشتەکان و پیرۆزیی سروشتە. دەگوترێت تا سەرەتای سەدەی بیست جۆریک لە نێرگەل خوای هورییەکان لە ناو ئێزدیەکاندا رێزی لێ دەگیرا.(11) پەرستگەی لالش لە باشووری کوردستان لە شوێنەوارە کۆنەکانی ئەو ئایینەیە کە مێژووی دەگەڕێندرێتەوە بۆ نزیکەی سێ تا چوار هەزار ساڵ پێش و سەردەمی شارستانییەتی سۆمەرییەکان و مێزۆپۆتامیا.(12) بە ئەگەرەوە و بە پێی هەندێ بیروڕا، لەم سەردەمانەدا و پاش باوەڕی فرەخوایی و میتراییزم، بۆ ماوەیەک زۆرێک لە خەڵکی کورد پێڕەوی ئەو ئایینە کۆنە بوون کە ئێستاش ئایینێکی زیندووە لە کوردستان و کەمینەیەک باوەڕمەندیی هەیە. دەقە پیرۆزەکانی ئایینی ئێزیدی لە نووسینە کۆنە کوردییەکانن و هەندێک لەوانە وەک دوو دەقی دۆزراوەی پەرتووکی پیرۆز "جیلوە" و "مەسحەفا رەش" بە یەکێک لە ئەلف و بێیە کۆنەکانی کوردی نووسراون.(13)

سەردەمی ئایینە ئیبراهیمییەکانی پێش مەسیحییەت و ئایینی زەردەشتیی
وەک لەسەرەوە ئاماژە کرا کوردەواری لە کۆنەوە لانکی هەندێ ئایینی جۆراوجۆر بووە و چالاکی ئایینە ئاسمانییەکان و ئەگەری بوونی پێغەمبەران لە سەردەمی حەزرەتی نوحەوە و پاشان ئایینە ئیبراهیمییەکانی کۆنیش لەوێدا هەبووە. لەو پێوەندییەدا، هەندێ گێڕانەوە حەزرەتی ئیبراهیم پێوەند دەدەن بە کورد و کوردەوارییەوە. ئاماژە بەوە کراوە کە حەزرەتی ئیبراهیم لە شاری ئورفەی باکووری کوردستان لەدایک بووە کە تەوراتیش پشتڕاستی دەکاتەوە. بەپێی تەورات یەکەم دەسەڵاتدار دوای لافاوی نوح نەمرود بووە کە شاری شەنگاریش ئاوەدان دەکاتەوە. واتە بە ئەگەرەوە نەمرود هەر کوردوم شا بووە کە ساڵانێکی زۆر ژیاوە.(14) لەو ئاڕاستەدا، بەپێی هەندێ سەرچاوەی ئایینی بریتی لە ئیسلامیش ئیبراهیم و نەمرود هەردووکیان لە یەک نەتەوە بوون کە دەگوترێت بە فەرمانی نەمرود، ئیبراهیم لە شاری کوت (لە بنەڕەتدا گوت/گودیە)(15) خراوەتەوە ئاگرەوە کە شارێکی کوردی کۆنە و تا سەرەتای سەدەی بیست زۆرینەی و ئێستاش بەشێک لە شارەکە کوردن. ئەو شارە لەلایەن سۆمەرییەکان و لە تەوراتیشدا ئاماژەی پێ کراوە. هەرچۆنێک بێت، دیارە هەردوو شوێنی ئورفە و کوتیش پێوەندییان بە کوردەوارییەوە هەیە.(16) دواتریش کە ئیبراهیم لە کەنعان دەبێت حەزرەتی ئیسحاقی کوڕی دەنێرێتەوە بۆ مێزۆپۆتامیا شوێنی بەجێماوەکانی لافاوی نوح و باب و باپیرانیان واتە شاری حەران لە نزیک ئورفە کە لەوێ هاوسەرگیری دەکات. پاشان کە لە حەزرەتی یەعقوبی کوڕی ئیسحاقەوە (وەک جێگرەوەیان کە لە فەدان ئارام/حەران هاوسەرگیری دەکات و دەچێتە کەنعان) بەنی ئیسرائیل پەرەدەستێنن هەندێ لە پێغەمبەرانیان بۆ بانگەشەی ئایینی روویانکردووەتە کوردستان و دواتریش بەرەبەرە ئایینی جوو/مووساییش لە کوردستان پەرە دەستێنێت و زۆربه‌ی کورده‌کان دەکەونە ژێر کاريگه‌ری ئەو ئايينە کە ئێستاش هەندێ شوێنەوار لەوێ بەوانەوە پێوەند دەدرێت.(17)
نیشانە و شوێنەواری ئەو ئایینانەی سەرەوە لە باکووری کوردەواری و تاڕادەیەکیش باشوور بە باشی دەبینرێت.(18) بۆ ئاماژە، گۆڕ و زیارەتەکانی ئێگل لە باکووری کوردستان کە وەک نیشانە و شوێنەوار پێوەند دەدرێن بە پێغەمبەرانەوە لەوانە ئایینە ئیبراهیمییەکانی پێش مەسیحییەت، لە شوێنە هەرە کۆنەکانە. ناوچەی ئێگل لە نزیکی چۆمی دیجلە یەکێک لە گرنگترین ناوەندە مێژوویی، كولتوری و گەشتوگوزارییەكانی کوردەواری لە پارێزگای ئامەد/دیاربەکرە کە زۆربەی خەڵکەکەی کوردی زازان. دەگوترێت هەم گۆڕی بە ئەگەرەوە چەندین پێغەمبەر و هەم گۆڕی پاشایانی ئاسووری لەوێدایە.(19) ئێگل بە "شاری پێغەمبەران" ناسراوە لەسەر ئەو باوەڕەی کە بە ئەگەرەوە گۆڕی پێغەمبەران ئەنووش (کە پێشتر ئاماژە کرا)، زولکیفل، ئەلیەسەع، هاروون، زەننون، هارووت، دانیال و ... تاد(20) لەوێیە. دەگوترێت هاروونی نەبی، ئاسەف بن بەحریان (ئاسێف بن بەرخیا) وەزیری حەزرەتی سولەیمان بووە کە بە سەرۆکایەتی سوپاکەی لەگەڵ یەکێک تر لە پێغەمبەرانی خزمی ناوچەکە دەگرن و لەوێ دەمێننەوە و دەمرن کە گۆڕەکانیان لە گۆڕستانی هاروونی نەبی دایە. زەننونی نەبی کە دەگوترێت هەر حەزرەتی یوونس بووە لەوێوە کە لە قورئاندا نازناوی زەننون بۆ حەزرەتی یوونس بەکارهێنراوە، گۆڕەکەی لە بەشی چاپانی ئێگل دایە، هەرچەند لە داواکارییەکی تریشدا گۆڕی حەزرەتی یوونس لە باشووری کوردستانە لە رۆژهەڵاتی موسڵ. حەزرەتی زولکیفل لە پێغەبەرانی پێڕەوی حەزرەتی مووسا بووە کە دوو جار لە ٢ ئایەتی قورئاندا ئاماژەی پێ کراوە و وەک دەگوترێت کوڕی حەزرەتی ئەییوب و هەروەها مامی حەزرەتی ئەلیەسەع بووە کە ئەرکی پێغەمبەرایەتی هەبووە و لە ئێگل کۆچی دوایی کردووە. دانیالی نەبی یەکێک لە چوار کوڕەکەی حەزرەتی زولکیفل بووە کە گۆڕەکەی لە ئێگڵ دایە. حەزرەتی یەسەع کە پێڕەوی حەزرەتی مووسا و لە پاش حەزرەتی ئیلیاس بووە و لە دوو ئایەتی جیاوازی قورئاندا ئاماژە بە ناوی کراوە، دەگوترێت لە فەلەستین لەدایک بووە و لە ئێگل مردووە. هەروەها ئاماژە بە هەندێ ناوی تری پێغەمبەران کراوە کە تاکو پێش لەدایکبوونی مەسیح لەو ناوچە بوون یان بۆ بانگەشەی ئایینی چوونەتە ئەوێ و گۆڕەکەیان لە ئێگلی ئامەددایە.(21) گەرچی لەو جۆرە گۆڕانە کە بە ئەگەرەوە باسیان لێوە دەکرێت و هەندێ جاریش هەر بەو ناوانەوە لە شوێنەکانی تریش چ کوردستان و چ ناوچەکانی دەوروبەر هەیە، بەڵام وەک نیشانەگەلێک لە چالاکی ئایینە ئیبراهیمییەکانی سەردەمی کۆن و جوو لە کوردەواری دەکرێ رەچاو بکرێن. تەنانەت بە هۆی مێژوویبوونی ئەو شوێنانە گەریش خودی کەسایەتییەکان نەبووبێتن، رەنگە پێڕەوانی سەردەمانی کۆنی ئەوان، ئەو گۆڕانەیان وەک هێمایەک بەوانەوە پێوەند دابێت کە دیسان بوونی ئەو ئایینانە لە ناوچەکە پیشان دەدات.
لەو پێوەندییەدا، جووەکان لە زۆر شوێنی کوردستاندا پەرستگە و چالاکی ئایینییان هەبووە. لەوانە دەکرێ بە پەرستگەی عیرسای (synagogue of Esra) لە دەوروبەری کەشتییەکەی نوح لە کێوی جوودی ئاماژە بکرێت کە لە پەرتووکە پیرۆزەکاندا باسی کراوە و تا سەدەی نۆهەم لەلایەن جوولەکەکانەوە سەردان کراوە.(22) هەروەها دەگوترێت مزگەوتی گەورەی ئامەد سەرەتا پەرستگەی جووەکان و پاشان پەرستگەی مەجووسییەکان و دواتر بووەتە كڵێسا و مزگەوت. وەک نموونەیەک لە چالاکی ئایینی جوو لە کوردستانی پێش مەسیحییەت و سەرەتای زایین، بەپێی سەرچاوەکانی ئایینی جوو هەندێ لە ئەندامانی بنەماڵەی پاشا کوردەکان لە کۆتایی سەدەی یەکەمی پێش زاییندا ببوونە جوو. لەوانە دەکرێ بە هێلێنای شاژنی دەسەڵاتی هەزەبان (لە باشوور و بەشێکی باکووری کوردستان) و ئێزدی کوڕی کە دواتر دەبێت بە پاشای بەهێزی هەزەبان و هەروەها کوڕەکەی تری مەنوبازی دووەم ئاماژە بکرێت. ئەم بنەماڵە لە سەردەمی خۆیاندا زۆر یارمەتی دارایی جووەکانی ئورشەلیم/قودس دەدەن. هەروەها، لە سەدەی یەکەمی زایینیدا لە شەڕی نێوان جووەکان و رۆمییەکاندا هەزەبانییەکان بەشداری دەکەن. پاش مردنیان هێلێنا و ئێزدی لەسەر راسپاردنی خۆیان لە ئورشەلیم دەنێژرێن کە چەند گۆڕی دۆزراوە لە سەدەی نۆزدەدا پێوەند دەدرێن بەوانەوە.(23)
هاوکات لەگەڵ ئەو قۆنافەی سەرەوە، کوردستان کە هەر لە سەردەمی میتانییەکان تا مادەکان و دواتر، لە ژێر کاریگەریی ئایینە فرەخواییەکان و ئێزدیدا بوو، لە سەردەمی هێخامەنشییەکانەوە کە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی زاگرۆس مەزداپەرستی/زەردەشتیی/ مەجوسی دەبێتە ئایینی فەرمی، بە پاڵپشتی دەسەڵات لە کوردستانیشدا برەو دەدرێت. گەرچی هەندێ مێژوونووس باسی مێژووی زیاتر لە شەش هەزار ساڵەی زەردەشتیی دەکەن، بەڵام مێژووی متمانەپێکراوی دەگەڕێتەوە بۆ کەمتر لە 600 ساڵ پێش زایین. تەنانەت هەندێ جار ئایینی هێخامەنشییەکانیش نەک بە زەردەشتیی بەڵکو بە فرەخوایی زانراوە و فەرمی بوونی ئەو ئایینە دەگەڕێندرێتەوە بۆ سەردەمی ئەشکانییەکان. هەندێ مێژوونووس زەردەشتیان بە خەڵکی ناوچەی ئاتەرپاسی(24) کوردەواری زانیوە کە هاتوچۆی شاری حەرانی کوردستانی کردووە و دواتر چووە بەرەو رۆژهەڵات (خوراسان و ئەفغانستان) و پاشان دیسان ئایینەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکە. بەپێی ئەوەی کە زەردەشت لە ئاتەرپاس شوێنی دەسەڵاتی ماد و ماناکاندا بووە، دەگوترێت رەنگە سەرەتا بە زاراوەیەکی کوردی قسەی کردبێت. مێژووی ئاماژەکردن بە "کورد"یش لە ئاڤێستا (یەشت) دەگەڕێتەوە بۆ چەند سەدە پاش زایین.
هەرچۆنێک بێت، لە یەک دوو سەدەی پێش زایینەوە ئایینی زەردەشتیش لە ناوچە و شارەکانی کوردستاندا هەر لە لوڕستان، هەورامان تا ئامەد لە ژێر کاریگەری ئەشکانیەکاندا زیاتر بڵاو دەبێتەوە کە ئێستاش لە هەندێ شوێن تاڕادەیەک شوێنەواری پەرستگە و ئاگردانەكانی ئەو سەردمە ماونەتەوە. بۆ وێنە دەکرێ بە دوو شوێنەوار لە رۆژهەڵاتی کوردستان واتە ئاگردانی ئاور/ئازەرگوشنەسپ سەر بە شاری تیکاب کە تەختی سولەیمانی پێ دەگوترێت و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئەشکانییەکان و پێشتریش ئەو شوێنە شارێکی سەردەمی مادەکان و دەسەڵاتەکانی دواتری بووە و هەروەها پەرستگەی ئاناهیتا لە شاری کەنگاوەری کرماشان کە شوێنەواری سەردەمی ئەشکانییەکانە ئاماژە بکرێت. هەروەها، دەگوترێت کە هەندێ مزگەوت و كلێسا لەوانە كلێسای مریەم و مزگەوتە گەورەی ئامەد لە باکووری کوردستان پێشتر پەرستگەی مەجوسی بوون. لەو سەردەمەدا کوردەواری و دەسەڵاتە کوردیەکان کەوتبوونە نێوان دوو زلهێزی نوێوە، ئەشکانی (خاوەن ئایینی زەردەشتیی) لە ڕۆژهەڵات و ڕۆم لە باکور و ڕۆژئاواوە. کورد ئەو کاتە چەند ناوچەیەکی حوکمڕانی سەربەخۆ و نیمچە سەربەخۆی هەبوو کە گرنگترینیان بریتی بوون لە ناوچەی دەسەڵاتی میدەکان(25)، ناوچەی دەسەڵاتی هەزەبانیەکان (هەولێر و دەوروبەری) و ناوچەی دەسەڵاتی کوردیان/کوردەوان (جزیرەی ئەمڕۆ). ئەم ناوچانە هەرچەندە هەر یەکەیان پاشای خۆی هەبوو بەڵام بەهۆی سنوورداری دەسەڵاتیان کاریگەری دوو دەوڵەتی سەرەکی ڕۆم و ئەشکانیان بە ڕوونی لەسەر بوو. ئەو کاریگەرییە لە ئایین، زمان و زۆر ڕووی کەلەپوورییەوە ڕەنگی دابووەوە.(26) هەڵبەت پێشتر رۆمیش بۆخۆی لە ژێر کاریگەریی ئایینە کۆنەکانی کوردەواریدا بووە و فرەخوایی و جۆرێ میتراییزم کە بە گێڕانەوەیەک بە هۆی پێوەندیی پێکهاتوو لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەسکەندەر و یۆنانییەکان، سلووکییەکان و رۆمییەکان لە ناوچەکەدا لە کوردستانەوە گەیشتبووە رۆم، پێش مەسیحییەت لەسەر باوەڕی رۆمییەکان کاریگەریی دانابوو.


سەردەمی زەردەشتیی و مەسیحییەت
لەگەڵ رێخەداکوتان و پتەوتربوونی ئایینی مەجوسی لە کوردستان و بەتایبەت رۆژهەڵات کە دەسەڵاتی ئایینی خۆی بە پشتیوانی دەسەڵاتی سیاسی پاراستبوو و گەشەی سەندبوو، مەسیحییەتیش بەرەبەرە وەک جێگرەوەی ئایینە ئیبراهیمییەکانی تر لەوانە جوو لە کوردستان بەتایبەت لە باکوور، رۆژاوا و باشووردا پەرەی سەند. بە گەشەسەندنی مەسیحییەت و بوون بە ئایینی فەرمی ئیمپراتوری رۆم، کوردستانیش بوو بە گۆڕەپانی رکابەرایەتی ئەو دوو ئایینە و هەرکام لەوانە بە پاڵپشتی دوو زلهێزی رۆم و ساسانییەکان(27) بەشێک لە کوردستانیان خستە ژێر تەشەنەی زیاتری خۆیان. ئەو دۆخە تا کاتی هاتنی ئیسلام درێژەی هەبوو.
وەک پێشتر ئاماژە کرا، لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەندێ شوێنەواری زەردەشتییەکان بوونی هەیە و بە باشی مێژووی ئایینی پێش ئیسلامی ئەو ناوچە پیشان دەدەن و روونکەرەوەی بەشێک لە مێژووی کوردن. لە پێوەندیی لەگەڵ ئەم قۆناغەدا لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستانی ئەو کات کە ئایینی مەجوسی زاڵ بوو، دەکرێ بە پەرستگە و ئاگردانەكانی هەورامان ئاماژە بکرێت. هەروەها دەقی هۆنراوەی هورمزگان بە زاراوەی کوردی هەورامی لە سەر چەرم و پێستی ئاسک لە نووسراوە بەجێماوەکانی پێوەنددراو بە دەیەی دووەمی کۆچی و سەرەتای هاتنی ئیسلام بۆ کوردستانە کە تەشەنەی ئایینی مەجوسی لە کوردستانی پیش ئیسلامدا بە باشی پیشان دەدات و گرنگتر ئەوەی کە بە زمانی کوردی شرۆڤەی رەوشی کاتی هاتنی ئیسلام و لەنێوچوونی ئایینی مەجوسی دەکات، هەرچەندە راستودروستی ئەو دەقە مشتومڕی زۆری لەسەرە كە تێیدا هاتووە:
هورمزگان رمان، ئاتران کوژان/ وێشان شاردەوە، گەورە گاوران
زۆرکاری ئارەب، کەردنە خاپوور/ گنای پاڵەیی، هەتا شارەزوور
شەن و کەنیکان وە دیل بەشینا/ مێرد ئازا تلێی وە ڕووی هوونینا
رەوشت زەردەشترە، مانۆوە بێ کەس/ بەزیکا نەیکا، هورمز وە هیچ کەس(28)
هەروەها، گەرچی ئەمڕۆ کورد کەمتر مەسیحییەت بە یەکێک لە ئایینەکانی خۆی دێنێتە ئەژمار، بەڵام سەردەمانێک ئایینی زاڵ لە بەشێکی کوردستاندا بووە و چەندین کەسایەتی کورد لە ڕابردوودا لەو ئاینەدا بە پلە و پایەی بەرز گەیشتوون و کورد ڕۆڵێکی گرنگی لەو ئایینەدا بینیوە. دوای لە خاچدانی عیسا و لە سەدەی یەکەمی زاییندا هەندێک لە پێڕەوانی ڕوودەکەنە شوێنە جۆراوجۆرەکان و نەتەوە جیاوازەکان لەوانە کوردەواری بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی ئایینەکەیان. بۆ نموونە مار ماری (Mar Mari) رووی کردووەتە ناوچەکانی هەولێر و کەرکووک و زۆزان. بۆیە هەر لە سەدەی یەکەمی زایینییەوە لە کوردستاندا هەندێ کەس بوونەتە مەسیحی لەوانە بە کەسانێک لە باشووری کوردستان ئاماژە کراوە؛ بۆ وێنە دوو کەس بە ناوی زەردەشت و کوردەوا لە کۆڕی پاشای هەزەبانی هەولێر و لاوێک بە ناوی دۆستی لە ناوچەی گەرمیان/کەرکوک. هەر لەو سەدەدا ئاماژە بە کەسێ بە ناوی پاکیدە/پاکیزە کوڕی بێری وەک یەکەم قەشەی باڵای مەسیحی لە هەولێر کراوە کە وازی لە ئایینی زەردەشتیی هێناوە و بووەتە مەسیحی. بەرەبەرە هەولێر و ناوچەی هەزەبانیەکان کە پێشتر لەبەر تەشەنەی ئایینەکانی جوو و مەجوسیدا بوون، دەبنە ناوەندی ئایینی مەسیحییەت و سەرچاوەکانی ئەو ئایینەش ئاماژە بە پەرەسەندنی لە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هەزەبانەکاندا دەکەن. بە گەشەسەندنی ئەو ئایینە لە کوردستاندا پێش هاتنی ئایینی ئیسلام زۆرێک کەلیسا لە لادێ و شارەکانی کوردستاندا هەبووە و هەردوو هەولێر و کەرکوک ببوونە دوو ناوەندی گرنگی ئەو ئایینە لە ناوچەکەدا و هەولێر ناوەندی كلێسای ئاسووری رۆژهەڵات بووە و تەنانەت هەندێک جار بۆ بڵاوکردنەوەی ئەو ئایینە لە کوردستانەوە قەشە چوونەتە وڵاتانی تری دوور و نزیک. دواتریش تاکو سەدەی دەیەمی زایینی ناوچەی هەزەبانی کوردەواری/هەولێر وەک ناوچەیەکی گرنگی مەسیحی مایەوە. یەکێک لە دەسەڵاتدارە ناوچەییەکانی هەزەبانییەکان کە ناوی مار قەرداغ بووە لە کەلیسای رۆژهەڵاتدا بە شەهید هاتووەتە ئەژمار و ئەوڕۆکەش لە هەولێر کڵێسایەک بە ناویەوە هەیە. هەرچۆنیک بێت، مەسیحییەت پێش ئەوروپا و لە نزیکی پێنج-شەش سەدە پێش ئیسلامیش لە کوردستاندا ئایینی بەشێکی زۆر لە کورد بووە. گەرچی ئەو ئایینەش لە دەرەوەی کوردستانەوە هاتووە، بەڵام بەشێکی گرنگی مێژووی کوردە و کورد وەک ئیسلام ڕۆڵی لەوەشدا بینیوە و کاریگەری لەسەر ئەوە و مێژووکەی هەبووە و بەشێک لە مێژوو و كولتوری کوردیش بەو ئایینەوە گرێدراوە و هەندێ بەڵگەنامە لەو ئایینە بەجێماون کە بۆ روونکردنەوەی ڕابردووی کورد یارمەتیدەرن.(29)
بەوجۆرە، پێش هاتنی ئیسلام، کوردەواری لە نێوان دەسەڵاتی دوو زلهێزی سیاسی رۆم و ساسانیدا، کەوتبووە ژێر کاریگەری بەربەرەکانێی سیاسی و ئایینی هەردووکیان. بە پاڵپشتی ئەو دوو دەسەڵاتە رکابەرایەتی نێوان ئایینی زەردەشتیی و مەسیحییەت کە ببووە ئایینی دەوڵەتی ڕۆم و لە ناوچەکەشدا جێی ئایینی جووی گرتبووەوە، گەشەی سەندبوو. بۆیە بەشی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان زیاتر کەوتبووە ژێر کاریگەری ئایینی مەسیح و بەشی ڕۆژهەڵات زیاتر ئایینی زەردەشت. ئاکامی ئەو کاریگەرییە ئێستاش بە کوردستانەوە دیارە. ئەو ململانێیە ئایینییە، هەلێکی بۆ بەردەوامبوونی چەندین ئایین و ئایینزای تری کوردی وەک ئایینی ئێزیدی رەخساندبوو و هەندێک جاریش ببووە هۆی دەرکەوتنی ئایینی ناوەندگیر کە ئەوانەش لەسەر کوردەواری کاریگەر بوون. بۆ بەڵگە، ئایینی مانەوی و مەزدەکیی کە بە ئەگەری زۆرەوە داهێنەرەکانیشیان کورد بوون، لەو ئایینە ناوەندگیرانە بوون. مانی کەسایەتییەکی مەزنی ناوچەکە و بە رەچەڵەک خەڵکی ئێکباتان/هەمەدان بوو کە بە هۆی کۆچی بنەماڵەكەی بۆ بابل لەوێ لە سەرەتاکانی سەدەی سێی زایینیدا لەدایک دەبێت. ئایینەکەی تێکەڵێک لە ئایینە جۆراوجۆرەکان بووە و زەردەشتی و مەسیحییەکان وەک مەترسی لەسەر خۆیان سەیریان کردووە. مەزدەکیش کە بەپێی هەندێ سەرچاوە خەڵکی زاگرۆس بووە، ئایینەکەی وەک رێچکەیەکی ئایینی مانەوی رەچاو کراوە یان لە ژێر کاریگەری ئایینی مانیدا هەوڵی چاکسازیی ئایینی زەردەشتی دابوو کە تا ماوەیەک پاش سەرهەڵدانی ئیسلامیش مابووەوە.(30)
هەروەها، ئەو ململانێیە ببووە هۆی ئەوەی کە لە کوردستاندا چەند ئایینزای مەسیحی لەوانە یەعقوبی دەربکەون. بەشێکی زۆری کورد بۆ خۆجیاکردنەوە لە مەسیحییەتی ڕۆمی، پەیڕەوی ڕێچکەی یەعقوبی بوون کە لە نزیکی سەدەی پێنجەمی زایینیدا لەلایەن قەیسەری ڕۆمەوە لە ژێر کاریگەری سیاسیدا، بە لادەر لە ڕێچکەی گشتی مەسیحییەت رەچاو کرا. بۆ وێنە خێنیاس کوردێکی مەسیحی یەعقوبی بووە کە لە ساڵی ٤٤٠ ز. لە گوندی تەهاڵ لە گەرمیان لەدایک دەبێت و بۆ خوێندن ڕوو دەکاتە شارەکانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان لەوانە ئورفە و دەبێتە زانایەکی ئایینی گەورە. لەلایەن پەیڕەوانی ڕێچکەکانی تری مەسیحییەتەوە دژایەتی لەگەڵ کراوە و بە هۆی بیروباوەڕی ئایینی جیاوازی، لە کلێساکانی شاری ئورفە دەرکراوە. بەڵام دوای ماوەیەک دەسەڵاتدارێکی ئایینی بەناوی پۆڵ دەسەڵاتی گرتۆتە دەست و قەیسەری ڕۆم، ئەناستاسیۆسی یەکەم پشتگیری لێ دەکات و لە ساڵی ٤٨٥ی زایینیدا دەکرێ بە قەشەی باڵای شارۆچکەی "مەنبج" و هەر بە ناوی ئەو شارەی ڕۆژئاوای کوردستانەوە نازناوی فیلۆکسینۆسی مابوگ/مابۆق (مەنبج) وەردەگرێت. زۆری نەخایاندووە دەسەڵاتی ئایینی کەوتۆتەوە دەستی نەیارەکانی و قەشەی باڵای قوستەنتنیەی ڕۆم، خێنیاس بە لادەر لە ڕێچکەی گشتی مەسیحییەت دادەنێت و تۆمەتی مانەوی بوونی لێدەدەن و دواتر بە هاتنی قەیسەری نوێی ڕۆم، جەستینی یەکەم، دوور دەخرێتەوە بۆ شاری بلۆڤدیڤی بولگاریای ئەمڕۆ و هەتاکو کۆتایی ژیانی لە ساڵی ٥٢٣ ز لەوێ خەریکی نووسین دەبێت. خێنیاس چەندین بەرهەمی نووسراوی جیاوازی ئایینی هەیە و ڕۆڵی گەورەی لە تەواوکردن و نووسینەوەی ئینجیلی ئارامی لە ساڵی ٥٠٨ زایینیدا هەبووە و هەر بە ناوی خۆیەوە، ئینجیلی خێنیاس، ئاماژەی پێ دەکرێت کە بۆ سەدان ساڵ باشترین ئینجیلی ئارامی بووە. جگە لەو کارەی، بە دەیان بەرهەم و نامە لە خێنیاس بەجێماوە.(31)
لە مێژووی مەسیحییەت لە کوردستاندا کەسانی ناوداری ئایینی تریش هەبوون. بۆ وێنە، برایم میدی و پۆڵ کاکەییش لە مەسیحییە ناودارەکانی سەردەمی خێنیاس بوون. تۆماس مەرگەییش کە خۆی لە سەردەمی ئیسلامیدا ژیاوە، لە پەرتووکەکەیدا باسی هەندێ کەسایەتی کوردی مەسیحی سەردەمی نزیک سەرهەڵدانی ئیسلام و پاش ئەوە دەکات. تۆماس کوڕی یاقوب و خەڵکی شیروانەی نزیک کەلار و کەرکوک لە سەدەی نۆیەمدا ماوەیەک قەشەی باڵای مەرگە بووە و بە تۆماسی مەرگە (تۆماس مەرگەیی) ناوبانگی دەرکردووە. تۆماس لە کەلیسا جیاوازەکاندا بووە و بە پێگەی ئایینی بەرز گەیشتووە و بە پێی نەریتی قەشە باڵاکانی کەلیسا لەو سەردەمەدا بەرهەمی نووسراوی هەبووە. پەرتووکێکی گرنگی لە ژێر ناوی "پەرتووکی حوکمڕانەکان"(32) لەسەر مێژووی کلێساکانی ناوچەکە بریتی لە کوردستان بە زمانی ئارامی، زمانی ئەو کاتی ئایینی مەسیحیی، نووسیوە کە سەردەمێکی دەوڵەمەندی بیر و ئایینی کوردستان دەخاتە ڕوو. تۆماس لەو کتێبەدا باسی زۆر کەسایەتی گرنگی کلێساکانی هەزەبان (هەولێر) و گەرمیان و ناوچەکانی نوسەیبین (باکوری کوردستان) و زۆر لە ناوچەکانی تری دەوروبەر لە سەردەمی خۆی و پێش خۆی، کردووە. ئەو بۆ نموونە باسی ژیانی کەسایەتییە مەسیحییەکانی وەک جوبرائیلی شارەزووری و یوسفی شارەزووری دەکات کە خزم و خەڵکی شارەزوور بوون و لە نزیکی کۆتایی سەدەی حەوتەم و سەرەتای سەدەی هەشتەم واتە کەمتر لە سەد ساڵ دوای سەرهەڵدانی ئیسلام ژیاون و کەسایەتی پایەبەرز بوون لەو ئایینەدا و لە مێژووی مەسیحییەتدا ناویان هاتووە. یوسف قەشەی باڵای گەرمیان بووە و جوبرائیل کەسایەتیەکی زانا بووە و چەندین بەرهەمی نووسراوی هەبووە و وتووێژکارێکی بە توانا بووە.(33)
ئێستاش لە کوردستاندا هێشتا کەمینەیەک مەسیحی یان نەستۆرییەکان هەن و ئەوە بەردەوامی ئەو ئایینە لە مێژووی کوردستاندا پیشان دەدات. گەرچی ئەمڕۆ ئەو مەسیحییانە رەنگە بە ناوی جۆراوجۆرەوە بانگ بکرێن، بەڵام سەبارەت بەوان دوو گریمانە هەیە؛ یەکەم، زۆربەیان لە باری نەتەوەییەوە کوردن و بە هۆی ئایینەکەیانەوە وردەوردە بە درێژایی مێژوو زمانیان گۆڕدراوە و کەوتوونەتە بەر کاریگەریی زمانی ئارامی وەک زمانی فەرمی مەسیحییەت و زمانی نووسینی ئەو کاتەی ناوچەکە لە سەردەمی ئاشوورییەکانەوە و ئێستا بە هەڵە خۆیان پێوەند دەدەن بە کەمەنەتەوەکان و وەک پاشماوەی نەتەوە کۆنەکان خۆیان دەناسێنن. دووەم، هەندێکیان پێوەندییان بەو کەمە نەتەوانەوە هەیە کە بە درێژایی مێژوو لە کوردستاندا هەبوون یان پاش هاتنیان بۆ کوردستان لەوێ ماونەتەوە و بە وەرگرتنی ئایینی مەسیح لەسەری ماونەتەوە و زمانیان بووتەوە زمانی فەرمی ئەو ئایینە وەک کەلدانی و ئارامییەکان کە دەقەکانی ئەو ئایینە سەرەتا بە ئارامی نووسراون.(34) هەرچۆنێک بێت، تێکەڵێک لەو دوو گریمانە دەکرێ بە راست بزانرێت واتە هەم هەندێ کورد بە هۆی ئایینەکەیانەوە و تێکەڵبوونیان لەگەڵ کەمەنەتەوەکانی تر زمانی ئارامییان وەرگرتووە و هەم کەمەنەتەوە مەسیحییەکان خۆشیان ماونەتەوە و بەشێک لە مەسیحییەکان پێکدەهێنن.


سەردەمی ئیسلامی و موسڵمانێتی تاکو ئێستا
بە سەرهەڵدانی ئیسلام لە سەدەی حەوتەم و پاش ئەوەی رووی کردە کوردستان، بەرە بەرە ئایینەکانی تر بار و بنەیان لە کوردستان هەڵپێچا و ئەو ئایینە بە پاڵپشتی دەسەڵاتی سیاسی وەک ئایینی زاڵ جێی هەردووکی زەردەشتیی و مەسیحییەتی لە سەرتانسەری کوردستاندا گرتەوە و تاکو ئێستا زاڵیەتییەکەی بەردەوام بووە. بۆیە مێژووی نزیک 1400 ساڵی گەلی کورد و کوردەواری لەگەڵ مێژووی ئیسلام و موسڵمانان لە ناوچەکە پێچراون بە یەکتردا و تێکاڵاون. زۆربەی هۆز و میرنشین و دەسەڵاتە کوردییەکان لەوانە حەسنەوییەکان، حەمیدییەکان، بەنی عەیاران، هەزار ئەسپان (ئەتابەکانی لوڕستان)، مەروانییەکان، رەوادییەکان، شەدادییەکان، ئەییوبییەکان، میرنشینەکانی دواتر تا دەسەڵاتی زەندییەکان و ... تاد موسڵمان بوون. بەشێک لە مێژووی کورد لە نێو مێژووی ئیسلامی و توێی پەرتووکی مێژوونووسانی موسڵماندا دەرهێنراوە یان دەهێنرێتە دەرەوە و مێژوونووسانی کورد وەک سەرچاوە کەڵکیان لێوەرگرتوون. ئیسلام لەو ماوەیەدا کاریگەری هەمەلایەنەی زۆری لەسەر کوردەواری هەبووە و ئێستاش کوردەواری هەڵگری بەشێکی زۆر و گرنگی شوێنەوار و كولتوری ئیسلامییە و ئەو كولتورە بەشێکی گرنگی كولتوری کوردەواری پێکدەهێنێت. کوردیش لەسەر مێژوو، كولتور و سیاسەتی سەردەمی ئیسلامی کاریگەریی هەبووە؛ لە هاوەڵانی پێغەمبەرەوە (وەک جابان کورد یەکەم کوردی موسڵمان) بگرە بۆ زانایانی باڵای ئیسلامی و مێژوونووسان تاکو حوکمڕانانی سیاسی وەک سەلاحەدین ئەییوبی و .... تاد، لە سەردەمی نوێیشدا، تا ناوەڕاستی سەدەی بیست سیستەمی خوێندنی ئایینی لە مزگەوتەکان بارهێنەری خوێندەوارانی کورد بووە و زۆرێک لە کەسایەتییە بەرچاوەکان، وێژەوان و رووناکبیرانی کورد بارهێنراوی حوجرەی فەقێیەکان بوون.(35)
وێرای زاڵیەتی ئیسلام لەو سەردەمەدا، لە پاش هاتنی ئیسلام ئایینەکانی تریش وەک کەمینە لە کوردستاندا مانەوە لەوانە جوو، ئێزدی و مەسیحی، یان سەریانهەڵدا لەوانە ئایینی یاری یان یارسان (ئەهلی حەق/کاکەیی). ئایینی یاری کە وەک شێوەیەکی نوێیە لە ئایینی کوردیی ئێزدی و لە هەندێ بنەمادا لەگەڵی کۆکە و زمانەکەی کوردییە، لە ژێر کاریگەری ئایینە ئیبراهیمییەکانی جوو، مەسیحی و ئیسلامی و هەروەها مەجوسی و مانەویشدا بووە. دامەزراندنی ئەو ئایینە عیرفانییە کە هەڵقوڵاوی ناو خەڵکی کوردە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یانزەی زایینی، گەرچی مێژووی هەندێ دەقی ئایینی و نزا و پاڕانەوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی سەرەتای ئیسلام و پێش ئیسلام. پەرتووکی پیرۆزیان "کەلامی سەرەنجام" لە دەقە بەنرخ و سەرەتاییەکانی وێژەی کوردی دێتە ئەژمار. هەروەها دەقە ئایینی و عیرفانییەکانی ئەو ئایینە بە زمانی هۆنراوە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتەمی زایینی لەوانە کۆهەڵبەستی باڵۆڵی ماهی دینەوەری کە زۆربەیان ئایینین. هۆنراوە عیرفانی-ئایینییەکانی بابا تاهیری هەمەدانیش وەک کەسایەتی یارسانی سەدەی 11ی زایینی گرنگایەتی تایبەتی هەیە. ئەو ئایینە کە بەوجۆرە خزمەتی مانەوە و پاراستنی زمانی کوردی کردووە تا سەدەی نۆزدە لە ناو بەشێکی بەرچاو لە کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و تاڕادەیەک باشووردا پەرەی سەندبوو و دواتر کاڵ بووەوە. تاڕادەیەکی کەمیش لە ناو فارس و تورکدا بڵاوەی کردووە و پێڕەوانێکی هەیە. زۆربەی شوێنە پیرۆزەکانیان لە هەورامانە و بنكەی شوێنی بۆنەی ئایینی و نزا و پاڕانەوەیانە. پێڕەوانی ئەو ئایینە بەتایبەت لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا لە ئێران لە ژێر گوشار و هەڵاواردنی ئایینیدا بوون و زۆر جار بە ناچار ئایینی خۆیان شاردووەتەوە.

پاشەکی
بە گشتی، لە ماوەی سەدەی رابردوودا زۆر دەسکاری مێژوو کراوە و ناسنامەی دەسکردی دەوڵەتانی بێگانە بە سەر پارچەکانی کوردستاندا سەپاوە، لە پەناشیدا ئەو هەلەش نەڕەخساوە و رێگە نەدراوە مێژوویەکی سەربەخۆی هەمەلایەنەی ئەو وڵاتە وەک یەکەیەکی جوگرافی-مێژوویی بە تێروتەسەلی بنووسرێتەوە و لە گومان و نادیاریدا هێشتوویانەتەوە. بۆیە، باشتر وایە کە وەک پێویستیی ئێستا و داهاتووی کوردستان لایەنەکانی ناسنامەی مێژوویی کوردەواری روون بکرێنەوە. لەو پێوەندییەدا، لەم بابەتەدا هەوڵ درا کورتە ئاورێک بدرێتەوە سەر مێژووی ئایینی کوردەواری و ناسنامەی پێوەندیدار بەوە. وەک ئاماژە کرا، کوردەواری لانکی زۆر شارستانییەت و ئایین بووە و بەردەوام ئایین تێیدا بوونی هەبووە و ئایینە جۆراوجۆرەکان لە فرەخوایی و میتراییزم، گەور، ئێزدی بگرە تا ئایینە کۆنە ئاسمانییەکان و جوو، تا مەسیحییەت و ئیسلام لەو خاکەدا سەریانهەڵداوە یان یەک بە دوای یەکدا هاتوون. ئەو ئایینانە لە رێگای بانگەشە و هەروەها پاڵپشتی سیاسییەوە لە کۆمەڵگای کوردیدا تەشەنەیان کردووە و جێی یەکتریان گرتووەتەوە کە زۆربەیان نیشانە و شوێنەواریان لە خۆیان بەجێهێشتووە و ناکرێ تەنیا یەک ئایین پێوەند بدرێت بە نەتەوەی کوردەوە. بێجگە ئایینە کوردییەکان، ئایینەکانی تریش بەتایبەت مەسیحییەت و ئیسلام مێژووی کوردییان پێوە دیارە و یارمەتی راستکردنەوەی ئەو مێژووەش دەدەن و مێژوو و شوێنەواری ئەوانە لەو خاکەدا بەشێک لە مێژوو و ناسنامەی کوردستانن.
کەواتە دیارە وەک زۆر وڵاتی تر، بە درێژایی مێژوو ئایینی جۆراوجۆری ناوخۆیی و دەرەکی لە کوردەواریدا هەبوون و شوێنەواری خۆیان بەجێهێشتووە، بەڵام لە باری کۆمەڵایەتییەوە هەر لە سەردەمی کۆنەوە زۆربەی کات و زۆرینەی خەڵکەکەی کورد و باب و باپیرانی گەورەی کورد بوون. گەرچی نەتەوەکانی تریش هاتوچۆیان کردبێت و لە باری سیاسییەوە جاروبار و بە شێوەی کاتیی بە سەر ناوچەکەدا زاڵ بووبێتن بەڵام شوێنی بەردەوامی نەتەوەی کورد بووە. باری نەتەوەیی ناوچەکە بە ئەگەری زۆرەوە بە درێژایی مێژوو لایەنی تاڕادەیەک نەگۆڕ بووە و بە گوێرەی ئەوە، ئایین زیاتر گۆڕاوە. واتە وێرای ئەوەی کە بە گشتی ئایین لەو کۆمەڵگایەدا بەردەوام هەبووە، وەک دیاردەی بگۆڕی کۆمەڵایەتی بە درێژایی مێژوو لەلایەن خەڵکەکەوە لە ئایینێکەوە بۆ ئایینێکی تر گۆڕدراوە. ئەو مێژووە بەردەوامەی ئایین لە کوردستاندا بێ رەچاوکردنی ئەوەی کە رەنگە بەشێک لە مێژوو یان شوێنەوارێک سەر بە هێز یان ئایینێکی دەرەکی بێت، لە پلەی یەکەمدا پێوەندیی بە کوردستان و گەلی کوردەوە هەیە و بەشێک لە مێژوو و ناسنامەی کوردەواری پێکدەهێنن. هەبوونی ئایین و كولتور و شوێنەوارە ئایینیەکانی جۆراوجۆر دێرینبوونی کوردەواری پیشان دەدەن و پێویستە سیاسەتی کوردی سەرنجی ئەم لایەنەی ناسنامەی مێژووییش بدات.

ئەم بابەتە لە بنەڕەتدا لە ناوەندی کوردستان بۆ توێژینەوە لە ململانێ و قەیرانەکان بڵاوکراوەتەوە

سەرچاوە و پەڕاوێزەکان:


1-سەردەمێ کە مرۆڤ لە ئامرازە بەردینەکان کەڵکی وەرگرتووە، واتە پێش سەردەمەکانی برۆنز و ئاسن.
8-حەمەڕەش، 2013، ل. 320.
9-حەمەڕەش، 2013، لل. 320-322.
10-بڕواننە: حەمەڕەش، 2013، ل. 152 و 154.
11-حەمەڕەش، 2013، ل. 154 و 244.
2-Prophet Enus orEnos/ Enosh
3-سۆمەریەکان باوەڕیان وابووە کە ئادەم یەکەم مرۆڤ بووە کە خوا فریوی داوە و نەمری لێ شاردووەتەوە و پێی وتووە کە بەری داری نەمری ژەحراوییە تاکو ئادەم نەیخوات. بەوجۆرە ئادەم و وەچەکانی هەلی نەمربوونیان لێ وەرگیراوە. بڕواننە: سۆران حەمەڕەش، کورد کێیە؟، چاپی یەکەم، لەندەن، 2013، ل. 151.
4-کەواتە، بێجگە باوەڕی ئایینە ئاسمانییەکانی ئاماژەپێکراو لە تەورات، ئینجل و قورئاندا و بە گوتەیەک لە پێش ئەوانە، ئەفسانە و چیرۆکی سۆمەری زیوسودرا (Ziusudra/Xisuthros) هاوشێوەی چیرۆکی نۆحە و هەندێ کەس هەر بەوەیان زانیوە. ئەمە لەوڕووەوە کە کوردیش لە رووی رەچەڵەک و زمانییەوە بە سۆمەرییەکانەوەش گرێ دەدرێت، ئەگەری بوونی ئەو رووداوە لە کوردستاندا بەهێزتر دەکات.
22-حەمەڕەش، 2013، ل. 322.
23-حەمەڕەش، 2013، ل. 247-249.
5-بڕواننە: حەمەڕەش، 2013، لل. 146-151.
6-جوودی کە لە سەرچاوە مەسیحی و ئیسلامییەکاندا گوتی یان کوتویشی (Guti and Kutu) پێ وتراوە پێوەندی بە ناوی خەڵکی ئەو ناوچەوە هەبووە واتە گوتییەکان کە لە باپیرانی کورد بوون. هەروەها دەگوترێت جوودی شێوەی تێکدراوی "گوتی" بووە کە دواتریش بووە بە "گوردی" و "کوردی". لە سەرچاوە یۆناییەکاندا بە خەڵکی ئەو ناوچە کە لە ژێر دەسەڵاتی کوردەوان یان کوردیانەکانیشدا بووە گاردو/گورد یان کاردۆ/کورد وتراوە. هەرچۆنێک بێت، ئەم ناوانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئایینەکانی دواتری هاوکات لەگەڵ گوتی و کوردەوانەکان و کوردانی تری دوای ئەوان کە بۆ وەسفی ئەو شوێنە بەکار هێنراون.
7-See: Dan Eden, “Noahs Ark Is (still) In Turkey”, at: http://www.viewzone.com/noahx.html;
And: http://rch.ac.ir/article/Details?id=7639
12-See: https://www.atlasobscura.com/places/lalish-temple; and https://www.independent.co.uk/
13-حەمەڕەش، 2013، ل. 290.
14-دەگوترێت واتای نەمرود پێوەندیی بە نەمر و نەمربوون لە کوردیدا هەیە کە رەنگە بە هۆی تەمەنی زۆریەوە وای پێگوترابێت هەروەها کە لە هەردوو چیرۆکی کوردوم شا و ئیبراهیمدا ئاماژە بە شەشسەد ساڵ تەمەنی کراوە.
15-"گوت/گوتە" پێوەندیشی بە ناوی گوتی و جوودی و هەروەها گورد و کورد هەیە کە پێشتر باس کرا. لەو پێوەندییەدا، دەگوترێت شاری گوت بنکەیەکی دەسەڵاتی گوتیەکان بوو بۆ هێرشکردنە سەر ئەکەدیە سامیەکان بۆ گەڕاندنەوەی حوکمی دەسەڵات بۆ سۆمەریەکان.
16-حەمەڕەش، 2013، لل. 152-153.
17-See: François-Xavier Lovat, Kurdistan: land of God, London: GID, 2000.
18-لە ناوچەکانی تری کوردەواریشدا هەندێ شوێن پێوەند دراون بە گۆڕی پێغەمبەرانەوە. بۆ وێنە لە باشوور دەڵێن لە نزیکی کەرکووک وەها شوێنیک هەیە/هەبووە.
19-ئەم ناوچە ئەشکەوتی کۆن، گۆڕی پاشایانی سەردەمی کۆن و کۆشک و ئاسەواری زۆری لێیە لەوانە قەڵا و کۆشکیئێگڵ (Eğil Castle) کە دەگوترێت لە سەردەمی ئاسوورییەکاندا و سەدەی نۆی پێش لەدایکبوونی مەسیح چێ کراوە. گۆڕی پاشا ئاسوورییەکان لە قەراخی بەنداوی دیجلەدایە.
20-Prophet Dhul-Kifl /Zulkifl, Prophet Elyesa/ Elisha, Nabi Harun, Nabi Zennun, Nabi Harut, Nabi Danyal, Nabi Hallak…
21-https://en.ilkha.com/haber/4734/graves-of-the-prophets-surfaced-after-the-recede-of-dam-water
24-ئاتەرپاس واتە ئاگرپارێز و ناوچەکە ئاتەرپاسان بووە کە ئەوڕۆکە ئازەربایجانی پێ دەگوترێت.
25-باکووری رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەشێکی ئێستا ئازەربایجانی پێ دەگوترێت و پاش هێخامەنشەکان لەوێدا وەچەکانی ماد بە سەرۆکایەتی ئاتروپاتی مادی حکوومەتی ئاتریان دامەزراند.
26-حەمەڕەش، 2013، ل. 243 و 271-273.
27-ساسانییەکان پاش ئەشکانییەکان گەیشتنە دەسەڵات کە دەگوترێت گروپە کوردەکانیش بەشداری ئەو دەسەڵاتە بوون و هەندێکیش رەچەڵەکیان بە کورد دەزانن.
28-لەسەر ئەم هۆنراوە بڕواننە بابەتەکانی عادڵ محەمەدپوور لە ژێر ناوی "هرمزگان؛ اولين شعر مكتوبِ هورامي" و "اصالت شعر هورمزگان".
29-حەمەڕەش، 2013، ل. 251 و 254.
30-بڕواننە: حەمەڕەش، 2013، ل. 251. و بابەتەکانی ئەو نووسەرە وەک "چیرۆکی پاشای هەزەبانیی مارقەرداغ"، "مید و هەزەبانیەکان لە ململانێی ڕۆم و عەجەمدا"، "مانی پێغەمبەری کورد".
31-بڕواننە: حەمەڕەش، 2013، ل. 254. و بابەتی تری ئەو نووسەرە لەسەر "خێنیاس قەشەیەکی باڵای کورد".
32-پەرتووکی "The Book of Governors" کە لە سەدەی نۆیەمی زایینیدا نووسراوە لەلایەن E.A. Wallis Budge (1857 - 1934) وەرگێڕدراوەتەوە سەر زمانی ئینگلیزی.
33-بڕواننە: حەمەڕەش، 2013، لل. 386-388. و بابەتەکانی تری لەسەر "تۆماس مەرگەیی، مێژوونووسی کوردی مەسیحی"، و "ئایینی کریستییەن و کریستییەنە کوردەکان".
جێی ئاماژەیە کە ئایینی مەسیحییەتیش وەک ئایینەکانی تر بەتایبەت ئیسلام لەسەر كولتوری کوردی لەوانە بەکارهێنانی ناوەکان کاریگەر بووە و بوونی هەندێ ناوی ئارامی وەک زمانی ئەو ئایینە بە واتای کورد نەبوونی کەسایەتییەکان نەبووە وەک چۆن ئێستاش زۆر خەڵکی کورد و نەتەوەکانی تر ناوەکانیان عەرەبییە. بەپێچەوانەش، هەڵبەت دیارە کە کەسایەتی ئایینی لە نەتەوەکانی تریش هاتوونەتە کوردەواری و لەوێ ماونەتەوە.
34-جێی ئاماژەیە کە هەندێ جار بە هەڵە بە مەسیحییەکانی کوردستان، ئاشووری وتراوە و مەسیحی و ئاشووری لە جێی یەکتر بەکار هێنراون. دیارە ئایین جیاوازە لە رەگەز و نەتەوە. بۆیە ئاشووری ناوێکی نوێیە کە دەگوترێت لە سەدەی بیستەوە و لە ژێر کاریگەریی ئینگلیزییەکاندا بۆ مەسیحییەکانی کوردستان بەکار هێنراوە و لە باری رەگەزییەوە رەنگە پێوەندیی بە ئاشورییەکان و پاشا ئاشورییەکانی سەردەمی کۆنەوە نەبێت. لەو بوارەدا، بڕواننە: حەمەڕەش، 2013، ل. 383.
35-بە هۆی مانەوە و بەردەوامی ئایینی ئیسلام لە کوردستان و نزیکی سەردەمەکەی و زیاتر روون و راشکاوبوونی و هەروەها توێژینەوەی زۆری بەردەست لێرەدا ئەوەندە بە پێویست نەزانراوە کە تیشکی زیاتر بخرێتە سەر ئەو سەردەمە.